واده‌ى ناردنى پاره‌ى موچه‌ له‌به‌غداوه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

28/04/2024‌ 3169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایی له‌په‌رله‌مانى عێراق زانیاریی له‌باره‌ى ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چوارشه‌ممه‌ ئه‌گه‌رچى پشوه‌، به‌ڵام ته‌مویلى موچه‌ ده‌نێردرێت".


شێروان دوبەردانی ئەندامی لیژنه‌ى دارایی له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "زانیاریمان لەوەزارەتی دارایی عێراق وەرگرتوە، وردبینیی لیستی موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی كوردستان تەواو دەكرێت، ئەگەرچی لەم هەفتەیەدا چوارشەممە پشوو دەبێت، بەڵام بڕیارە تەمویلی موچە بنێردرێت".

سەبارەت بەهۆكاری داوكەوتنی ناردنی موچە، وتویه‌تى:"لەم مانگەدا عێراق خۆی كێشەی پارەی نەختینەی هەبوو، موچەی وەزارەتەكانی عێراقیش تەواو نەبوە، وردبینیی لیستیش دواكەوت، ئەگەرنا هیچ گرفتێك نییەو تەمویلی موچە دەنێردرێت".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌، "دوای ناردنی تەمویل، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی چوار دەكات، لەماوەیەكی كورتدا موچە تەواو دەكرێت".

ڕۆژی 21ى ئه‌م مانگه‌، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، لیستی موچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردوە.

هاوكات د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا تەمویلی موچەی مانگی چواری هەرێم دەنێردرێت، پێدەچێت تەمویلەكە بەدوجار ڕەوانە بكرێت".

تەمویلی موچەی مانگی سێ بەدوو بەش بوو، بەشێكیان 430 ملیارو 109 ملیۆن دینار بوو، بەشەكەی دیكە، 390 ملیار دینار بوو، هەردوو بەشەكەش لە7ى 4ى 2024 لەلقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق، لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە وەرگیرا.