وەزیری نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

کوردستان

04/05/2024‌ 636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

بەوتەى وەزیرى نەوتى عێراق، لەم ھەفتەیەدا لیژنە ھاوبەشەکانی ھەرێم و عێراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت دەستبەکاردەبن و دەڵێت: ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و کێشەکە بەیەکجاریی چارەسەر بکرێت.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی دوو لیژنەی ھاوبەشەوە، کە یەکێکیان ھونەری و ئەوەی دیکەیان یاساییە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم گفتوگۆدەکەن بۆ رادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.

وەزیرى نەوتى عێراق دەشڵێت: رەنگە لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی لیژنە ھاوبەشەکان ئەنجامبدرێت، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانووستانەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی نەوتی ھەرێم بەجۆرێک نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت بەمەبەستی ھەناردەکردنی.

ڕاشیگەیاندووە، ھەرێم لە ئێستادا ٣٧٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەمدەھێنێت، کە ٤٥ ھەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەڕوات و ئەوەی دیکە کە دەمێنێـەوە دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت، بۆ ئەوەی لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکرێت.

زیاتر لە ساڵێکە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم ڕاگیراوە، بەڵام تائێستا هەناردەکردنەوەى دەستیپێنەکردووەتەوە و ئەمەش زیانى زۆرى هەرێمى کوردستان گەیاندووە بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەى لە بوارى نەوتى هەرێمدا کاردەکەن.