دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنى گەورە بازرگانێکی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرى ڕاگەیاند

کوردستان

04/05/2024‌ 671 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

دەزگاى ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنى بازرگانێکى مادەى هۆشبەرى بە زیاتر لە سێ کیلۆ مادەى هۆشبەرەوە ڕاگەیاند، ئەو بازرگانە لە سنورەکانی نێوان ووڵاتانی عێراق و سوریا کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەری کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەزگاى ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری وورد لەسەر بوونی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ٢٠٢٤/٥/٤ توانرا تۆمەتبار (ئ ، م ، ح)دەستگیربکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر بڕی ( سێ کیلۆ گرام و نیو )ماددەی هۆشبەر و چەندین پارچە چەکی تۆمەتباردا گیرا.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بازرگانە لە سنورەکانی نێوان ووڵاتانی عێراق و سوریا کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەری کردووە و لە هەفتەی ڕابردوودا پاش ئەوەی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەنێرێت بۆ شاری (بغداد) دەستیبەسەردا دەگیرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، تۆمەتبار لە ڕابردوودا چەندین جار لەهەوڵی دەستگیرکردنیدا بەچەک ڕووبەڕوی هێزە ئەمنییەکان بۆتەوە و هەڵاتووە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی (٢٥)لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.