ڕاپۆرتێكى گرنگ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان

05/05/2024‌ 3086 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێران وەک گەورەترین زیندانی نوسەران لەجیهاندا لەدوای چین ڕیزبەندی کراوە، بەگوێره‌ى پێگه‌ی“ئیندێکسی ئازادی نوسین” بۆ ساڵی 2023 کە لەلایەن کۆمەڵەی پێن ئەمریکییەوە بڵاوکرایەوە، لەهەمان ساڵدا کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرترین ژمارەی نوسەرانی ژنی زیندانیکردوە.


ئەم ڕاپۆرتە کە لەلایەن کۆمەڵەی پێنی ئەمریکییەوە ئامادەکراوە، ڕۆژی هەینی 4ی ئایار، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتوە، لەساڵی 2023دا، ناوی ئێران هێشتا لەلوتکەی ئەو وڵاتانەدا بوە کە ژنە نوسەرانیان زیندانیکردوە.

دەشڵێت:"ئێران 15 ژنی بەئامانجگرتوە کە زۆربەیان تائێستاش لەزینداندان بەهۆی نوسین‌و دژایەتی حیجابی ناچاریی‌و یاسا جیاکارییەکانی دیکەی ژنان".

ڕاپۆرتی "پێن"ی ئەمریکی سەبارەت بەدۆخی ئازادیی ڕادەربڕین‌و ئازادیی نوسین لەئێراندا هاتوە:“لەکاتێکدا ژمارەی نوسەرانی زیندانیکراو لەساڵی 2023 بۆ 49 نوسەر کەمیکردوە کە لەساڵی پێشتر 57 نوسەر بوە، بەڵام بەردەوام‌و بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی ئەو نوسەرانەی کە بەپلەی یەکەم پشتیوانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیی بون، ئەوە سەرکوتکردنی بەردەوامیی ئازادی ڕادەربڕینی ئۆپۆزسیۆن لەئێران زیاتر دەردەخات".

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوەدەکات کە “لەساڵی 2023دا چەند نوسەرێک کە بەهۆی پەیوەستبون بەڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لەئەیلولی 2022 دەستی پێکردبوو، لەزیندان ئازادکران، کە ژمارەیەک لەئەندامانی کۆمەڵەی نوسەرانی ئێرانی تێدایە، بەڵام نزیکەی لە70%ى ئەوانەی ئازادکراون بەکەفالەت ئازاد دەکرێن.

کارین دۆیچ کارل کار بەڕێوەبەری پرۆگرامی نوسەرانی مەترسیدار لەکۆمەڵەی پێن دەڵێت:"ئەمە بوەتە هۆی زیادبونی خۆسانسۆری نوسەرانی ئێرانی‌و ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی ئەمەوە وڵاتەکەیان بەجێهێشتوە".

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەبارودۆخی ژمارەیەک نوسەرو هونەرمەندو ئەو حوکم‌و ڕێوشوێنانەی کە بەرامبەریان گیراوەتەبەر كردوه‌، لەوانە: نێرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی “ئازادی ڕادەربڕین” لەکۆمەڵەی پێنی ئەمریکی لەساڵی 2023و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، 2020، سێپیدە ڕەشنۆ شاعیرو چالاکوان، نەسرین ستودە پارێزەرو نوسەر لەبواری مافی مرۆڤ، مەهدی یارحی گۆرانیبێژو ئاوازدانەر، ڕاپەر وەفا ئەحمەدپور نوسەر، پەیمان فەرهه‌نگیان نوسەرو وەرگێڕ، کەیوان موهتەدی وەرگێڕو چالاکوان‌و ئەنیشە ئەسعەدوڵڵاهی نوسەرو داکۆکیکاری مافی مرۆڤ.