شارپرێس:
بڕیاروایه ئه‌مڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆبونەوەیەکی گرنگ سەبارەت بەدۆخی عێراق‌و داهاتوی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لەو وڵاتە بکات، تێیدا چارەنوسی دۆسیەی هەڵپەسێردراوی نێوان عێراق‌و کوه‌یت‌و قۆناغەکانی کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی تاووتوێدەکرێت، چالاكوانێكیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "كێشه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا یه‌كێكى دیكه ده‌بێت له‌پرسه‌كانى ناو كۆبونه‌وه‌كه".
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا محەممەد حەسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، دوایین ڕاپۆرتەکان‌و پێشهاتەکان دەخاتەڕوو، کۆبونەوەکەش لەسەر بنەمای دوو ڕاپۆرتی نوێی سکرتێری گشتیی بەڕێوەدەچێت، یەکەمیان کشانەوەی یۆنامی‌و دۆخی ناوخۆی عێراق ده‌بێت.
به‌گوێره‌ى پڕۆژەبڕیاری 2732ی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەرکی یونامی لە31ی کانونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت، محەممەد حەسان پوختەیەک لەسەر قۆناغەکانی کشانەوەکە دەخاتەڕوو، کە به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکەو بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت‌و باس لەداخستنی نوسینگەکانی یۆنامی لەموسڵ‌و کەرکوک دەکات لەمانگەکانی ئادارو نیسان.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش زانراوه، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 1ی ئادارو دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەو چەکدانان لە12ی ئایار، کە کۆتایی بەململانێی 40 ساڵەی لەگەڵ تورکیا هێناو کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق‌و بەتایبەت هەرێمی کوردستان دەبێت.
چیمەن ساڵح نوسەرو ڕۆژنامەنوس کە لەچالاکییەکانی یۆنامیدا ڕۆڵی هەیە باس له‌وه‌ده‌كات، یۆنامی بەئیمەیڵ زانیاریى پێداوه، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى سێشەممه‌دا كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غداد یه‌كێكى دیكه ده‌بێت له‌ته‌وه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت پرسى ڕاگرتنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان به‌بڕیارێك.
ش ـ هـ