مەزڵوم عەبدی زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات: پۆستی باڵا بە هەسەدە دەدرێت

کوردستان

16/10/2025‌ 2662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەزڵوم عەبدی زانیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا ئاشکرادەکات و دەڵێت، فەرماندەکانی هەسەدە پۆستی باڵایان لەناو وەزارەتی بەرگری سوریا پێدەدرێت، دەشڵێت، هەسەدە بەشێوەی پێکهاتەی سەربازی گەورە تێکەڵ بە سوپا دەکرێت.


مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە بە ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشەیتد پرێس"ی ڕاگەیاندوە، هێزەکانی هەسەدە چەندین ساڵە بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەجەنگێت و لەسەر دەستی ئەوان کۆتایی بەو گروپە تیرۆریستییە هێنرا، ئەو ئەزمونەی هەسەدەش سود بە سوپای سوریا دەگەیەنێت .

ئەوەشیخستەڕوو،" هێزەکانی هەسەدە دەیان هەزار شەڕڤانی هەیە، ناکرێت شەڕڤانەکان بەشێوەی تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بەشێوەی پێکهاتەی سەربازی گەورە تێکەڵی سوپا بکرێن ".

لەبارەی رێککەوتنی 10ی ئازاریش، فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی،" ڕوداوەکانی ناوچە کەناراوییەکان و سوەیدا بونە هۆی دواخستنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ".

سەبارەت بە تورکیاش، عەبدی ئاماژەی بەوەکرد،" ئەگەر ئێمەی سوریاییەکان لەناو خۆماندا ڕێکبکەوین، هیچ بیانویەک نامێنێت بۆ تورکیا بۆ ئەوەی دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی سوریا بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە نەرمینواندنی تورکیا لە بارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا دەکەین ".

محەمەد سەردار