شارپرێس:
سەرۆك كۆماری توركیا لەیاداشتێكدا داوای درێژكردنەوەی ماوەی ناردنی سەربازی وڵاتەكەی لەعێراق و سوریا ئاڕاستەی پەرلەمان دەكات و داواشدەكات بڕیارەكەی جێبەجێبكرێت، بەگوێرەی یاداشتەكەش ڕۆژئاوی كوردستانیش دەگرێتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا یاداشتی درێژکردنەوەی ماوەی ناردنی سەرباز بۆ عێراق و سوریا بۆ سێ ساڵی دیکە، ئاڕاستەی پەرلەمان کرد.
یاداشتەکە بەواژۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەوانەی پەرلەمان کراو تێیدا داوا کراوە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان لەباشورو ڕۆژئاوای کوردستان و عێراق و سوریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێنەوە.
لەیاداشتەکەدا، دۆخی ئێستای عێراق و سوریا وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ناوبراوە و تێیدا هاتووە،" بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆرو نەبوونی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لەناوچەکانی دراوسێی سنورە وشکانییەکانی باشوری تورکیا، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات."
لەیاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی رێزگرتن لە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی عێراق و سوریاو، بانگەوازی نەتەوە یەکگرتوەکان بەژمارە 2170 کە داوا لەهەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و رێکخراوە هاوشێوەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر، رەوایەتیی نێودەوڵەتی بە یاداشتەکە دەدات.
