نەتەوە یەكگرتوەكان هەڕەشەیەك لەسەر مرۆڤایەتی ڕادەگەیەنێت

جیهان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری مەترسیدار بەجیهان دەدات و  ئاشكرایكرد، لە 80%ی هەژارترین دانیشتوانی جیهان، ڕاستەوخۆ لەژێر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادان و بەچەند ساڵانێكی دیكە مەترسی جدی لەسەر بون و ژیانیان دروست دەبێت.

 
نەتەوە یەكگرتوەكان لەنوێترین ڕاپۆرتیدا لەبارەی گۆڕنكارییەكانی كەشوهەوا ڕایگەیاند،" لە 80%ی هەژارترین دانیشتوانی جیهان، ڕاستەوخۆ لەژێر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادان".

دەشڵێت،" ئەم گروپە بارگرانییەکی دووقات و زۆر نایەکسانیان لەسەرشانە، چونکە لەلایەک بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و لەلایەکی دیکەشەوە زیانمەندی سەرەکی ئەو کارەساتانەن کە بەهۆی گەرمبونی زەوییەوە ڕودەدەن".
 
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە، 1.1 ملیار کەس، واتە نزیکەی 18%ی دانیشتوانی 109 وڵاتی جیهان، لەهەژاریی فرەڕەهەندیی تونددا دەژین.
 
توێژینەوەکە دەریدەخات کە دوو ناوچە بەشێوەیەکی تایبەت کاریگەریی قوڵی هەژاری و گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە: ناوچەکانی باشوری بیابانی گەورەی ئەفریقاو باشوری ئاسیا. 

 
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردوە، 608 ملیۆن کەس لەجیهاندا بەدەست گەرماوە دەناڵێنن، 577 ملیۆن کەس کاریگەری پیسبونی هەوایان لەسەرە، 465 ملیۆن کەس لافاو زیانی پێگەیاندون و 207 ملیۆن کەسی روبەڕووی وشکەساڵی بونەتەوە.