ئاژانسێكی ئەمریكی پيلانێكی نهێنی ئەردۆغان و ئەحمەد شەرع بەرامبەر كورد ئاشكرادەكات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1467 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسێكی بلومبێرگی ئەمریكی ئاشكرایكرد، ئەردۆغان چەكى قورس دەداتە ئەحمەد شەرع، لەبەرامبەردا داوای لێكردوە، شەرع سنورێك بۆ داواكارییەكانی كورد لەبارەی ئۆتۆنۆمیەوە دابنێت.


ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردوەتەوە، ئەنقەرە بەنیازە کەرەستەی سەربازی بۆ سوریا دابین بکات و لەبەرامبەردا ڕێکەوتنێک ئەنجامبدات کە ڕێگەی پێبدات، ئەو چەکدارە کوردانە بکاتە ئامانج کە بەدرێژایی سنوری سوریا ئامادەییان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پيلانەکە خۆی لەدابینكردنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپهاوێژ، موشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانیدا دەبینێتەوە، كە ئەو كەرەستانە لەباکوری سوریا جێگیر دەکرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئەو هاوكارییە سەربازییەی تورکیا پلانی بۆ داناوە، مەبەست لێی پاڵپشتی ئەحمەد شەرعە، کە لەهەوڵی یەکخستنی وڵاتەکەیە لەژێر سەرکردایەتی خۆیدا و پێشبینی دەکرێت ئەو هاوكارییە سەربازییانە یارمەتی شەرع بدات بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە.

ئاژانسەكە ئەوەشی ڕونكردۆتەوە، ئەم هەنگاوە ئاماژە بەنیگەرانییەکانی ئەنقەرەش دەكات سەبارەت بەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هاوسنورە لەگەڵ تورکیاو لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.

بەگوێرەی پێگە ئەمریكیەكە، تورکیا پشت بەشەرع دەبەستێت بۆ بەرەنگاربونەوەی داواکارییەکانی کورد لەبارەی ئۆتۆنۆمی زیاتر، بەتایبەتی لەناوچەکانی سەر سنور. هەروەها دەیەوێت سەرۆکی سوریا دەستڕاگەیشتنی هەسەدە بە کێڵگەكانی نەوت و غاز سنوردار بکات، بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی گواستنەوەی پارە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.