شارپرێس:
كهناڵێكى ئهمریكى ئاشكرایكرد، سهربارى گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کە فرۆشتنی چەک بەتارانو پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیی ئێران قەدەغە دەکەن، حکومەتی ئێران بەخێرایی خەریکی نۆژەنکردنەوەی بەرنامەی موشەکیی خۆیەتی.
سی ئێن ئێن لەزاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئەوروپیهوه ڕایگەیاندوه، لەدوای چالاکبونەوەی میکانیزمی سناپ بەکو گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند کەشتیی مادەی سەرەکیی دروستکردنی سوتەمەنیی توندی موشەکە بالستیکەکانی لەچینەوە گواستوەتەوە بۆ بەندهرعەباس لەباشوری ئێران.
بەوتەی ئەو سەرچاوە هەواڵگرییانه، دوو ههزار تۆن پێرکلۆرات سۆدیۆم کە لەدوای شەڕی 12 ڕۆژەی ئێرانو ئیسرائیل کڕدراون، بەچەند کەشتییەک لەچینەوە بەرەو ئێران هەناردەکراون.
سی ئێن ئێن دەڵێت، بەسودوەرگرتن لەزانیاریی بەدواداچونی کەشتییەکانو ئەکاونتی ستافی چەند کەشتییەکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە وەک کەشتی هەڵگریی ئەم مادەیە ناسێنراون، بەو ئەنجامە گەیشتوە کە ئەم کەشتییانە بارەکەیان گواستوەتەوە بۆ ئێران.
دوو مانگ بەر لەشەڕی 12 ڕۆژە، تەقینەوەیەکی گەورە لەبەندەری ڕەجایی ئێران ڕویداو ئەوکات شرۆڤەکاران ڕایانگەیاند، ڕوداوەکە بەهۆی تەقینەوەی مەوادێکی کیمیایی بوە کە بۆ دروستکردنی سوتەمەنی موشەک بەکاردێت لەچینەوە هاوردەکراوە، دواتر لایەنە فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیانکردەوە کە ئەو مادەیەی لەو بەندەرە تەقیوەتەوە هی دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەم وڵاتە بوە.
ئیسرائیل لەشەڕی 12 ڕۆژەدا بەشێکی زۆر لەهێزی موشەکیی ئێرانو کارگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سوتەمەنیی موشەکی ئەم وڵاتەی لەناوبردو بەگوێرهى ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ئێران بەخێرایی خەریکی دروستکردنەوەی دامەزراوە موشەکییەکانییەتی.
