پاسدارانى ئێران ورده‌كاریى‌و زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى "تیرۆركردن"ى ئیسماعیل هه‌نیه‌ ئاشكراده‌كات

جیهان

04/11/2025‌ 1727 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسداران وردەکاریی نوێ لەبارەی چۆنیەتیی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی پێشوی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئاشکراده‌كات‌و ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، ڕوداوەکە لەئەنجامی بۆمبێکی پێشوەختەى چێنراوه‌وه‌ بوبێت لەژورەکەیدا.


سوپای پاسداران ڕایگه‌یاندوه‌، هێرشەکە لەڕێگەی موشەکێکەوە ئەنجامدراوە لەدورییەکی دیاریکراوەوە ئاراستەکراوە.

موشەکەکە سەرەتا بەوردی بەر پەنجەرەی ژورەکە کەوتوەو دواتر بەر جەستەی هەنییە کەوتوە.

هه‌روه‌ك سوپای پاسداران زانیاریى زیاترى ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تى، "لەکاتی هێرشەکەدا، هەنییە بەتەلەفۆن قسەیکردوەو ڕوی لەو ئاراستەیە بوە کە موشەکەکەی لێوە هاتوە، ئەمەش نیشانەی ئەو وردبینییە بوە كه‌ ئۆپەراسیۆنەکەی پێ ئەنجامدراوە".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "دوای ڕوداوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبوەتەوەو بەکۆی دەنگ بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیداوە، بەڵام کات‌و شێوازی وەڵامدانەوەکەی بۆ هێزە چەکدارەکان جێهێشتوە".

ئیسماعیل هەنییە لەکۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، لەکاتی سەردانێکیدا بۆ تاران‌و دوای بەشداریکردنی لەڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەشوێنی نیشتەجێبونی تیرۆرکرا.

پێشتریش یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دانی بەوەدا نابوو وڵاتەکەی لەپشت تیرۆرکردنی هەنییەوەیە.

لەبەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس ئەو بانگەشەی ئیسرائیلی ڕەتکردبوەوە کە گوایە هێرشەکە لەڕێگەی بۆمبێکی پێشوەختە چێندراوەوە لەژورەکەیدا ئەنجامدراوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی 31ی تەمموزی 2024، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی پێشوی مەکتەبی سیاسی حەماس لەتارانی پایتەختی ئێران تیرۆركرا كە بۆ بەشداریکردن لەڕێوڕەسمی سوێندخواردن‌و دەستبەکاربونی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لەتاران بوو.