شارپرێس:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانێکی ڕیشەیی لەباڵانسی هەژمونی ناوچەییدا بەخۆوە دەبینێت، لەگەڵ پاشەکشەیەکی ئاشکرای ڕۆڵی ئەمریکیو ئێرانیو هەڵکشانی هێزە نوێیەکان کە تورکیاو ژمارەیەک لەدەوڵەتە عەرەبییە گەورەکان پێشەنگایەتی دەکەن.
دوای دوو دەیەیەک لەسەپاندنی باڵادەستیی واشنتۆنو تاران بەسەر دۆسییە سیاسییو ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، نیشانەکانی قۆناغێکی نوێ دەستیان بەدەرکەوتن کردوە کە ناونیشانەکەی زۆربونەوەی سەنتەرەکانو هاوسەنگیی بەرژەوەندییە لەبری جەمسەرگیرییو تەوەری نەریتی.
حسێن ئەسعەد شارەزا لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەلێدوانێکدا وتویهتى، "ناوچەکە بەرەو دوبارە کێشانەوەی نەخشەی هەژمون دەڕوات لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا، چونکە واشنتۆن لەبەشداریکردنی مەیدانیی ڕاستەوخۆ پاشەکشە دەکاتو تەنها بەسیاسەتی بەشداریکردنی سنوردار ڕازیدەبێت، ئەمەش وەک ئەنجامی گۆڕانی ئەولەویاتەکانی بەرەو ئاسیاو ئابوری ناوخۆ، لەکاتێکدا تاران ڕوبەڕوی فشارە ئابورییەکانو سزاکان دەبێتەوە کە توانای بەڕێوەبردنی هاوپەیمانەکانی لەهەرێمەکەدا سنوردار دەکاتو ئامرازە نەریتییەکانی هەژمونی لاواز دەکات".
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "لەبەرامبەردا، تورکیا وەک هێزێکی ناوچەیی هەڵکشاو دەردەکەوێت، بەشێوەیەک سود لەشوێنی جوگرافیو هاوپەیمانییە نەرمەکانی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی ببێتە میحوەرێکی ئابوریو ئەمنی کە لەدەریای ڕەشەوە بۆ کەنداو درێژدەبێتەوە".
ئەسعەد دوپاتیدەکاتەوە، ئەنكەرە سەرکەوتوبوە لەکۆکردنەوەی هێزی نەرمو ڕەق، وەبەرهێنان لەبوارەکانی وزە، بەرگرییو ڕێڕەوە بازرگانییەکاندا، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، مۆسکۆو تاران.
لەلایەکی دیكهوه، دەوڵەتە عەرەبییەکان، بەتایبەتی سعودیە، ئیمارات، قەتەرو میسر، بونەتە خاوەنی هەژمونەکی ئابورییو دیپلۆماسیی گەشەسەندوو کە ڕێگەیان پێدەدات سەرکردایەتی پڕۆژە گەشەپێدانو وەبەرهێنانی گەورە بکەنو سەربەخۆیی بڕیارەکانیان لەدۆسییەکانی ئاسایشی ناوچەیی، وزەو ڕێڕەوە دەریاییەکاندا بەهێزبکەن.
ئەوەش هاتوە، ئەم دەوڵەتانە کار بۆ دروستکردنی سیستەمێکی ناوچەیی نوێ دەکەن کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشو تەواوکاریی ئابوری بێت، لەبری دابەشبونە ئایدیۆلۆژییەکان.
جەختیشیکردوهتەوە، قۆناغی داهاتوو پشت بەچارەسەرە ناوچەییەکان دەبەستێت لەبری دەستتێوەردانە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ بەرزبونەوەی ڕۆڵی دیپلۆماسییەتی عەرەبی لەدۆسییەکانی هێورکردنەوەو هاوکاریی ئابوریدا.
