شارپرێس:
میدیاى ئهمریكى زانیارییهكى گرنگو ههستیارى ئاشكراكردوه سهبارهت کارگەکانی دروستکردنی موشەک لەئێران، ڕایدهگهیهنێت، "بەشێوەی 24 کاتژمێری کاردەکەن"، جهختیشكراوهتهوه، "ئێرانو ئیسرائیل خەریکن خۆیان بۆ گەڕی دوەمی شەڕ لەنێوانیاندا ئامادەدەکەن".
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکا ڕاپۆرتێكى شیكاریى بڵاوكردوهتهوهو دهڵێت، "لەدوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەمانگی ڕابردوداو لەکاتێکدا کە دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕاگیراوەو پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەشی دروستکردنی 11 بۆمبی ئەتۆم دەکات، چاوەڕێدەکرێت شەڕێکی دیکە لەنێوان ئێرانو ئسیرائیلدا بێتە ئاراوەو هەردوو وڵات خەریکن خۆیان بۆ ئەو شەڕە ئامادەدەکەن".
عەلی واعیز بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لەگروپی نێودەوڵەتیی قەیران بەنیۆیۆرک تایمزی وتوه، "ڕەنگە ئێران ئەمجارە بەشێوەیەکی جیاواز لەشەڕی پێشوو وڵامی ئیسرائیل بداتەوە".
بەوتەی واعیز، بەرپرسانی ئێرانی پێیانڕاگەیاندوە، کارگەکانی دروستکردنی موشەک بەشێوەی 24 کاتژمێری کاردەکەنو ئەوان بەنیازن ئەگەر شەڕێکی دیکە هەڵبگیرسێت، بەپێچەوانەی جاری پێشوو کە لەماوەی 12 ڕۆژدا 500 موشەکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، ئەمجارە دوو ههزار موشەک لەیەک کاتدا ئاراستەی ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتە تێکبشکێنن.
لەدوای شەڕی 12 ڕۆژە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەختدەکاتەوە، ئەوان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان لەناوبردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا چارەنوسی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دیارنییەو کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش تائێستا هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو یۆرانیۆمەوە نەداوە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەگومانن ئەو یۆرانیۆمە گوازرابێتەوە بۆ شوێنێکی دیکەو ئێران بەنهێنی خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم بێت، ئەمەش وایکردوە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە زۆر بەهێزبێت.
