سه‌ربازه‌كانى سوپاى عێراق له‌خورماتوو و كه‌ركوك سزاده‌درێت

عیراق

12/11/2025‌ 8698 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەرتاسەری عێراقدا 143 پێشێلکاری جۆراوجۆر لەمیانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا تۆمارکراون، سەرەڕای ئەو پێشێلکارییانە، لیژنەکە جەختی لەسەر سەرکەوتویی پلانی ئەمنی کردەوە کە بۆ پاراستنی سەقامگیریی پرۆسەکە داڕێژرابوو، ده‌شڵێت، "هێرشکەرانی ڕوداوەکانی کەرکوک‌و خورماتوو دەستگیرکراون‌و به‌گوێره‌ى یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".


پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن بۆ شەشەمین خولی په‌رله‌مانى عێراق، لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بەکاری لیژنەکەیان لەماوەی پڕۆسەکەدا.

لیژنە ئەمنییەکە لەبارەی ڕوداوەکەی کەرکوک کە کوژرانی دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان‌و برینداربونی دوو کەسی سڤیلی لێکەوتەوە ڕایگەیاند، "تەواوی هێرشکەرو تۆمەتبارانی ڕوداوەکە دەستگیرکراون‌و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، بەدڵنیاییەوە سزای یاسایی دەدرێن".

سه‌باره‌ت به‌ڕوداوه‌کانی خورماتوش لەڕۆژی هەڵبژارندا لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا، لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ئەوکەسانەدا کراوە کە دەستیان هەبوە لەگرژییەکانی ڕۆژی هەڵبژاردن، ئەوکەسانە سەر بەهێزە ئەمنییەکان بوبن یاخود هاوڵاتیی ئاسایی، سەرجەمیشیان به‌گوێره‌ى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

لەبارەی ئەم ڕوداوانەوە، لیژنەی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا، چەندین گومانلێکراو دەستگیرکراون‌و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەوە بەردەوامن.

لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان ستایشی ڕۆڵی هاوڵاتیانی عێراقی کرد لەبەشداریکردنیان لەپرۆسەی دەنگدانداو بەشێوەیەکی گشتیی پرۆسەکەی بەسەرکەوتوو وەسفکرد.

ئه‌وه‌ش دوپاتدەکاتەوە، سەرەڕای هەندێک کێشە‌و پێشێلکاریی، ئامانجی سەرەکیی پلانە ئەمنییەکە بۆ پاراستنی پرۆسەیەکی دەنگدانی ئارام بەدیهاتوە.

لیژنەکە ئه‌وه‌شى وت، "لێکۆڵینەوەکان لەبارەی پێشێلکارییە تۆمارکراوەکان بەردەوامدەبن بۆ دڵنیابون لەلێپرسینەوەو پاراستنی مافی دەنگدەران‌و سەلامەتی گشتیی".

پێرێ شەو بەچەند کاتژمێرێک بەر لەهەڵبژاردن، لەکەرکوک شەڕەتەقە لەنێوان کوردو تورکمان دروستبوو، لەئەنجامدا دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران‌و دوو هاوڵاتیی سڤیلیش برینداربون.

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ لەمیانی بەڕێوەچونی هەڵبژادرندان، لەسنوری خورماتوو چەند هێرشکارییەک بەرامبەر کوردانی ناوچەکە ئەنجامدران، دیارترینیان هێرشکردنەسەر گەنجێکبوو بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە.