شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی عیبری، ئەمریکا پلانی هەیە یەکێک لەگەورەترین بنکە سەربازییەکانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوچەی پشتێنەی غەززە (دەوروبەری کەرتی غەززە) دابمەزرێنێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژییو بەشێک لەئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگ.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوه، تێچوی سەرەتایی پڕۆژەكه بەنزیکەی نیو ملیار دۆلار (500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) خەمڵێنراوە، بنکەکە بەجۆرێک دیزاینکراوە کە توانای لەخۆگرتنی چەند هەزار سەربازێکی هەبێت لەیەککاتدا، کە ئەمەش ئاماژە بەفراوانیو گرنگیی پێگەکە دەدات.
سەرەکیترین ئامانجی ئەو بنکەیە ئەوەیە ببێتە ناوەندێک بۆ جێگیرکردنی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە فرە-نەتەوەییەی کە بڕیارە ڕۆڵی سەرەکیی بگێڕێت لەچاودێریکردنی ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستو بەڕێوەبردنی ئاسایش لەکەرتی غەززە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەم هێزە چاوەڕواندەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتیی لەوێ بمێنێتەوە.
ئەوەش ئاشكراكراوه، لەچەند هەفتەی ڕابردودا، لایەنی ئەمریکی دەستیکردوە بەزنجیرەیەک گفتوگۆی نهێنیو هەماهەنگیی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیسرائیلو سوپای ئیسرائیل بۆ دانانی وردەکارییەکانی پڕۆژەکەو دیاریکردنی شوێنی کۆتایی بنکەکە.
ڕاپۆرتە ئەمنییە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بەڵگەیەکە لەسەر بەشداریی ڕاستەوخۆو درێژخایەنی واشنتۆن لەداهاتوی ئەمنی ناوچەکە.
سەرەڕای گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەکە، بەڵام چەندین سەرچاوە ئاماژە بەوەدەدەن، ئەگەری هەیە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لەو ناوچەیە ببێتە خاڵێکی هەستیاری نوێ لەململانێی ئیسرائیلو فەڵەستینو کاردانەوەی لایەنە ڕکابەرەکانی لێبکەوێتەوە.
