شارپرێس:
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان تائێستا ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمریکا پلانی هەیە بنکەیەکی سەربازیی لەئیسرائیل، نزیک کەرتی غەززە دروستبکات بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس.
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت لەزاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە بڵاویكردوهتهوه، ئەمریکا دەیەوێت بنکەیەکی گەورە بەبەهای 500 ملیۆن دۆلار دروستبکات، کە هێزی نێودەوڵەتیو هەزاران سەربازی ئەمریکی لەخۆبگرێت.
ئاژانسی بلومبێرگ ڕونیکردوهتەوە، ئەگەر بڕیاری کۆتایی بدرێت، بنکەکە کاتیی دەبێت بۆ ماوەی 12 مانگو دەتوانێت نزیکەی 10 هەزار کەس لەخۆبگرێت.
ئەوەش هاتوە، هێزی دەریایی ئەمریکا داوای لەکۆمپانیا گونجاوەکان کردوە خەمڵاندنی تێچوو بدەن بۆ دروستکردنی بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی کاتییو خۆبژێو، کە بتوانێت 10 هەزار کەس بۆ ماوەی 12 مانگ لەخۆبگرێت، ئەم بەڵگەنامەیە لە31ی تشرینی یەکەمدا نێردراو وادەی کۆتایی بۆ وەڵامەکان 3ی تشرینی دوەم بوو.
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی گریمانکراو لەباشوری ئیسرائیل بۆ پشتگیریکردنی هێزی سەقامگیرکردنی ئاسایش، بەڵام سەربازانی ئەمریکی بەشداریی لەم ئەرکەدا ناکەن.
لەبەرامبەردا، کارۆلاین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، بونی هیچ بڕیارێکی فەرمی لەوبارەیەوە ڕەتکردوهتەوەو ڕایگەیاند، "ئەم ڕاپۆرتە پشت بەیەک بەڵگەنامە دەبەستێت کە لەلایەن کەسانی هەڕەمەکی لەناو سوپادا ئامادەکراوە".
جەختیشیکردوهتەوە، هیچ پلانێکی لەمجۆرە لەلایەن ئاستە باڵاکانی حکومەتی ئەمریکاوە تاووتوێنەکراوەو پەسەندنەکراوە.
ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو بەڵگەنامەیە وەک ڕاگەیاندنی فەرمی بۆ تەندەرکردن نییەو گرێبەستی داهاتوو مسۆگەر ناکات، بەڵام ڕەنگە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەکانی ناو هەندێک دەزگای حکومەتی ئەمریکی بێت.
