ئۆجەلان.. کۆمەڵگای دیموکراتیک و کۆتایی “تورکیای یەک رەنگ”!

جیهان

14/11/2025‌ 537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە چوارى تشرینى دوەمى 2025دا، دەوڵەت باخچەلى، سەرۆکى پارتى بزوتنەوەى ناسیۆنالیستى تورکیا، دەستپێشخەرییەکى نوێى تایبەت بە چارەسەرکردنى پرسى کورد لە تورکیا ڕاگەیاند، داواى لە لیژنەى "یەکێتى نەتەوەیى و برایەتى و دیموکراسى" کرد سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانەکەیدا لە دوورگەى ئیمراڵى بکەن، بۆ ئەوەى گوێ لە بۆچوون و پێشنیارەکانى بگرن کە دەتوانن پرۆسەى ئاشتیی خێراتر بکەن.

 باخچەلى جەختى لە ئامادەیى پارتەکەى کردەوە بۆ بەشداریکردن لە سەردانەکەدا، ئاماژەى بەوەشدا کە ئازادکردنى سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی "هەدەپە"، هەنگاوێکى ئەرێنى دەبێت لەم چوارچێوەیەدا. لای خۆشییەوە، نوعمان کورتولموش، سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا، سەردانەکەى بە "هەنگاوێکى پێویست بۆ تەواوکردنى پرۆسەکە" وەسف کرد.

لیژنەى "یەکێتى نەتەوەیى و برایەتى و دیموکراسى" لە پێنجى ئابی 2025دا دامەزرا، کە 51 پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەکانى پەرلەمانى لەخۆگرتبوو. لیژنەکە 16 کۆبوونەوەى ئەنجامدا کە تێیدا چاکسازییە یاسایى و دەستوورییەکانى تاوتوێ کرد، کە دەتوانن ناسنامەى کوردى و مافەکانى کورد لە تورکیا مسۆگەر بکەن.
 سەرەڕاى هەوڵەکانى هەندێک لایەن بۆ گۆڕینى ناوى لیژنەکە بۆ "تورکیاى بێ تیرۆر"، فراکسیۆنى پارتى یەکسانى و دیموکراسى گەلان (دەم پارتی)  سوور بوو  لەسەر ناوێک کە لەگەڵ ڕۆحى دەستپێشخەرییەکەدا دەگونجێت، کە باخچەلى بانگەشەى بۆ کرد و وەڵامێک بوو بۆ پێشنیارەکانى ئۆجەلان، کە لە شوباتى 2025دا دەستپێشخەرییە بەناوبانگەکەى خۆى بە ناوى "ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکراسى" ڕاگەیاندبوو و تێیدا هێڵە سەرەکییەکانى "نەخشەڕێگایەکى" بۆ چارەسەر دیاریکردبوو.
لەو کاتەوە ئۆجەلان دەستپێشخەرییەکەى بەدەستەوە گرت و دەستى کرد بە خستنەڕووى هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى، دیدگایەکی جیاوازى بۆ دەوڵەتى نەتەوەیى یەکپارچە خستەڕوو، کە لەسەر بنەماى فرەیى و هاووڵاتیبوونى یەکسان دامەزراوە. لەگەڵ فراوانبوونى کاریگەرى بیرۆکەکانى، کارکردنى لیژنەى پەرلەمانى بەپێى ڕێنماییەکانى ئەو دەڕۆیشت.

 لە ئایاری 2025دا، پارتى کرێکارانى کوردستان کۆنفرانسى دوازدەیەمى خۆى بەست، کە تێیدا هەڵوەشاندنەوەى خۆى و کۆتایى هێنان بە کارى چەکدارى ڕاگەیاند، بەو پێیەى کە قۆناغى نوێ پێویستى بە گواستنەوەى تێکۆشان لە چەکەوە بۆ سیاسەت هەیە.

دواتر، لە تەموزی هەمان ساڵدا، چەکى گەریلاکانى پارتەکە بە شێوەیەکى سیمبوڵیانە سووتێنرا بەپێى ڕێنماییەکانى ئۆجەلان، وەک دەربڕینێک بۆ پابەندبوون بە پرۆسەى ئاشتى. لە تشرینى یەکەم،  سابرى ئۆک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، کشانەوەى یەکە سەربازییەکانى پەکەکەی لەناو تورکیا ڕاگەیاند، لە کاتێکدا "شاندى ئیمراڵى" چەندین جار چاوى بە  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کەوت بۆ تاوتوێکردنى هەنگاوەکانى چارەسەر، دواین جاریان لە کۆتایى تشرینى یەکەمدا بوو، کاتێک ئەردۆغان ئامادەیى خۆى دەربڕى بۆ بانگهێشتکردنى ئۆجەلان بۆ پێشکەشکردنى وتارێک لە پەرلەمانى تورکیا.

چاودێران پێیان وایە کە ئۆجەلان بووەتە یاریزانە هەرە دیارەکە لە داڕشتنى تایبەتمەندییەکانى "تورکیاى نوێ"، بە پشتبەستن بە چەمکى "برایەتى هەزار ساڵە" لەنێوان کورد و تورکدا، کە هەوڵ دەدات لە چوارچێوەى گرێبەستێکى کۆمەڵایەتى دیموکراسى نوێدا دایبڕێژێتەوە.

دیدگای ئۆجەلان لە دروستکردنى دەوڵەتێکى فرەییدا خۆى دەبینێتەوە کە مافەکانى هەموو پێکهاتە نەتەوەیى و کولتوورییەکان مسۆگەر دەکات، و کۆتایى بە بیرى دەوڵەتى یەکرەنگ دەهێنێت کە لەسەر بنەماى دوورخستنەوەى نەتەوەیى دامەزراوە.

هەروەک بانگەشە بۆ دروستکردنى "بەرەیەکى دیموکراسى" فراوان دەکات کە پارتە سیاسییەکان و سەندیکاکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و ڕۆشنبیران لە پێکهاتە جیاوازەکان لەخۆبگرێت، بۆ تێپەڕاندنى دابەشبوونە نەتەوەییەکان و بەرەنگاربوونەوەى "ئابوورى جەنگ" کە بەپێى ڕاگەیاندنى کورتولموش، نزیکەى دوو تریلیۆن دۆلارى لە تورکیا بەهەدەرداوە.

گۆڕینى خەباتی پارتى کرێکارانى کوردستان بەرەو کارى سیاسى و لادانى کۆتوبەندەکان لەسەر کارى ڕێکخستنى لە ناوچە کوردییەکاندا، ئامادەییەکی بەهێزتر بەکورد لە گۆڕەپانى سیاسیدا دەبەخشێت، بەتایبەتى کە نزیکەى حەوت ملیۆن کورد تەنها لە ئیستانبوڵ دەژین.

 ئۆجەلان جەخت لەسەر گرنگیى هاوپەیمانێتى لەگەڵ هێزە دیموکراسییە تورکییەکان دەکاتەوە بۆ گەیاندنى گۆڕانکارییە خوازراوەکە بەرەو دەوڵەتى یاسا و هاووڵاتیبوون، و بەدەستهێنانى گەشەى ئابوورى و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، دوور لە پشتبەستن بە دەرەوە یان ترس لە دابەشبوون.

ئۆجەلان، پێى وایە کە پڕۆژەى "ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکراسى" ڕێگایەکە بۆ ڕزگارکردنى تورکیا لە میراتى دەوڵەتى نەتەوەیى و "بەندکردنى لە ئەنادۆڵ"، و ئازادکردنى تواناکانى بۆ ئەوەى ببێتە دەوڵەتێکى مۆدێرن، ئاشتەوایى لەگەڵ پێکهاتەکانى و مێژووەکەى بکات و بتوانێت بەرەنگارى ئاڵنگارییە هەرێمییەکان ببێتەوە بە ڕۆحێکى نیشتمانیى یەکگرتوو، کە یەکێتى وڵاتەکە لەسەر بنەماى دادپەروەرى و یەکسانى و فرەیى بنیاد بنێتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی