شارپرێس:
لە 12ی تشرینی دووەمی 2025، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی
(فاو) و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) ڕاپۆرتێکی
هاوبەشیان بڵاوکردەوە و زەنگی مەترسییان لێدا سەبارەت بەوەی کە جیهان ڕووبەڕووی یەکێک
لە قورسترین شەپۆلەکانی برسییەتی بووەتەوە و بەرەو قۆناغێکی بێوێنەی نائاسایشی خۆراک
دەڕوات.
ڕاپۆرتەکە 16 ناوچەی وەک "خاڵی گەرمی برسییەتی"
دیاریکردووە، کە 5 لەوانە وڵاتی عەرەبین. ملیۆنەها کەس لەم ناوچانە لەبەردەم هەڕەشەی
داڕماندان بەهۆی کەمیی یارمەتیی دارایی و پەرەسەندنی ململانێکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، توندوتیژیی و ململانێکان کاریگەرترین هۆکارن
لە خراپبوونی دۆخی خۆراکدا و دۆخەکەیان بە (تەقینەوەیەکی نزیکی برسییەتی کارەساتبار) وەسف کردووە.
خراپترین ئەو شوێنانەی کە دانیشتووانەکەیان ڕووبەڕووی
"مەترسییەکی نزیکی برسییەتی کارەساتبار" بوونەتەوە بریتین لە فەلەستین
(بەتایبەت غەززە)، یەمەن، سوودان، هایتی، مالی، و باشووری سوودان.
ئاماژە بەوە کراوە کە قەیرانی برسییەتی لە یەمەن بەهۆی شەڕی
درێژخایەنەوە گەیشتووەتە ترۆپک، لە غەززەش برسییەتی "نزیکەی حەتمییە" تەنانەت
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش. هەروەک سوودان بە یەکێک لە "مەترسیدارترین"
شوێنەکانی جیهان دادەنرێت بەهۆی ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە مەترسیدارەکان کەمیی بودجەی مرۆییە،
کە تەنها 10.5 ملیار دۆلار لە کۆی 29 ملیار دۆلار کە داواکرابوو بۆ پڕۆسەکانی فریاگوزاری
کۆکراوەتەوە. ئەم کەمییەش وایکردووە WFP ناچار بێت بە
بڕینی یارمەتییەکان و ڕاگرتنی پڕۆگرامەکانی خۆراکی قوتابخانە.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ هۆشداری داوە کە نەبوونی بودجە
هەڕەشە لە بژێوی کشتوکاڵی دەکات و ڕێگرە لە دابینکردنی تۆو و خزمەتگوزارییە گرنگە
تەندروستییەکانی ئاژەڵداری پێش وەرزی چاندن . ڕاپۆرتەکە ئەم کورتهێنانە داراییە بە
هۆکاری زیادبوونی برسێتی دەناسێنێت و بارودۆخی لاواز دەگۆڕێت بۆ خاڵی داڕمان لە هەر
ساتێکدا .
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی