ژنانی ئێرانی بە لێخوڕینی ماتۆڕسکیل، بەربەستەکان دەشکێنن

جیهان

14/11/2025‌ 393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە تاران، میرات بەهنام (تەمەن 38 ساڵ) ئەزموونێکی نائاسایی تێپەڕاند کاتێک ماتۆڕسکیلێکی زەردی لێخوڕی بۆ قاوەخانەکەی لە ناوەڕاستی پایتەخت، بەمەش یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی شکاند کە ژنان لە لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لە ئێران قەدەغە دەکەن.

سەرەڕای ترسی لە کاردانەوەی خەڵک و پۆلیس، بەهنام تووشی سەرسوڕمان بوو بەو پێشوازی و هاندانەی لە لایەن ڕێبوارانەوە پێی گەیشت، ئەمەش وای لێکرد ببێتە سیمبولێک بۆ شەپۆلێکی نوێی ژنان کە هەوڵدەدەن کۆتوبەندەکانی سەر ژنان تێپەڕێنن.

یاسای ئێران مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل تەنها بە پیاوان دەدات، چونکە ڕێساکان ئاماژە بە وشەی "مەردان" (پیاوان) دەکەن، ئەمەش وادەکات لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لەلایەن ژنانەوە بە فەرمی یاساشکێنی بێت. عەمید ئەبو فەزل موسەوی پوور، سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی تاران، جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەو ژنانەی ماتۆڕسکیل لێدەخوڕن بە سەرپێچیکار دادەنرێن، چونکە مۆڵەتی یاساییان نییە.

 جگە لە یاساکان، فاکتەری کولتووری و ئایینی لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ەوە کۆتوبەندی توندیان بەسەر ژناندا سەپاندووە، لەوانەش جلوبەرگ و ڕەفتاری گشتی. ئەم کۆتوبەندانە بوونەتە هۆی درووستبوونی خۆپیشاندانەکانی لە ساڵی 2022 دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە بووە سیمبولی ناڕەزایەتی دژی پۆلیسی ڕەوشت.

پارێزگاران پێیانوایە لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لەلایەن ژنانەوە لەگەڵ "باڵاپۆشی" ناگونجێت، بەو پێیەی کە ناتوانن لە کاتی لێخوڕیندا جلوبەرگی شەرعی خۆیان بپارێزن، بەڵام، قەرەباڵغییە زۆرەکەی تاران و بەرزبوونەوەی کرێی هاتووچۆ زۆرێک لە ژنانی ناچار کردووە یاساکان بشکێنن و پشت بە ماتۆڕسکیل ببەستن وەک ڕێگەیەکی گونجاو و خێرا بۆ گەیشتن بە کارەکانیان.

بەهنام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە دوای هیچ ئامانجێکی سیاسیدا نەبووە، بەڵکو بە دوای چارەسەرێکی پراکتیکیدا بووە بۆ دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و پاڵپشتییەکی چاوەڕواننەکراوی لە لایەن هەندێک پیاوی پۆلیسەوە وەرگرتووە.

 لەگەڵ گەیشتنی مەسعوود پزیشکیان بە دەسەڵات، هیواکان بۆ هەموارکردنی یاساکان زیاتر بوون، لە کاتێکدا ڕۆژنامەی "شەرق"ی ڕیفۆرمخواز داوای شکاندنی "دیوارە نادیارەکان"ی کرد کە ئازادی ژنانی سنووردار کردووە.

بۆ بەهنام، ئەزموونەکەی هەنگاوێکی بچووکە بەرەو گۆڕانکاری و هیوایەکە بۆ داهاتوویەکی یەکسانتر بۆ ژنانی ئێران.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی