شارپرێس:
لەدوای گرێبەستنی فرۆشتنی چەك لەنێوان واشنتن و تایوان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕايگەیاند، گرێبەستەكە پێشێلكردنی یەكپارچەیی چینە.
لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەتوندی دژایەتیی وڵاتەکەی بەرامبەر بەگرێبەستی نێوان واشنتن و تایوان ڕایگەیاند، کە بەهاکەی 330 ملیۆن دۆلارە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی، فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بەتایوان پێشێلکردنی بنەمای یەکپارچەیی چینەو بەتوندی ڕەتیدەکەنەوەو ڕایگەیاند،" فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بەتایوان بەشێوەیەکی جددی دژ بەبنەمای یەکپارچەیی چین و سێ ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان چین و ئەمریکایە، بەتایبەتی ڕێککەوتنی 17ـی ئاب".
لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین زیاتر ڕونیکردەوە و باسی ئەوەشیکرد،" پێشێلکردنی جددی سەروەری و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی چین و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها ئاماژەیەکی هەڵەیە بۆ هێزە جوداخوازەکانی تایوانی دەنێرێت".