شارپرێس:
وەزیری بەرگریی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکەی 20 هەزار سەربازی بۆ بەشداریی لەپلانی ئاشتی لەغەززە ئامادە کردوەو ئاشكراشیدەكات، کە ئەرکەکانیان زیاتر لەبواری تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا دەبێت.
شەفری شەمسەدین، وەزیری بەرگریی ئیندۆنیزیا، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی غەززەو بەشێک لەهێزی نێودەوڵەتی نزیکەی 20 هەزار سەربازمان ئامادە کردوە، بەڵام ئەرکەکانیان لەچوارچێوەی تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا دەبێت. ئاماژەی بەوەشدا، چاوەڕێی ئەو دەرفەتانەن کە ئیندۆنیزیا بتوانێت لەهەوڵەکانی ئاشتی غەززە ڕۆڵی تێدا بگێڕێت.
جەختیشیکردەوە، بڕیارەکە لەلایەن سەرۆک پرابۆوۆ سوبیانتۆ دەدرێت و پێشتر سوبیانتۆ لەکۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەمانگی ئەیلول ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتوەکان لەو بارەوە هەبێت، ئیندۆنیزیا ئامادەیە 20 هەزار سەرباز یان زیاتر بنێرێتە غەززە.
ئیندۆنیزیا، وەک گەورەترین وڵاتی موسڵمان لە جیهاندا، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵدا کردووە سەبارەت بە پلانەکانی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی غەززە، کە ئازەربایجان، میسر و قەتەریش لە خۆ دەگرێت.
هەفتەی ڕابردوو، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردبووە، واشنتن ڕەشنووسێکی بۆ ئەو هێزانە ئامادە کردووە کە لە پرۆسەی ئاشتی بەشدار دەبن، کە هەموو دەسەڵاتێکی پێویست دەداتە ئەو هێزانە بۆ ئەوەی بتوانن حەماس لە چەک داماڵینن سنوورەکان و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن، هاوکارییەکان بگەیەنن، هەروەها بۆ پشتیوانی لە هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینی کە تازە ڕاهێنانیان پێدەکرێت.
ئەمەریکا، قەتەر، میسر، ئیمارات، سعوودییە، ئیندۆنیزیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش دا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە پلانی ئاشتیی لە غەززە بە سەرپەرشتی ئەمەریکا قبووڵ بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
