شارپرێس:
بەگوێرەی بڕیارنامەیەكی نەتەوە یەكگرتوەكان، بەردەوامیی داگیرکاری و لکاندنی بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەنایاسایی ناساندوەو داواش دەكات دەستبەجێ بۆ هێڵی 4ـی حوزەیرانی 1967 بكشێتەوە.
ڕەشنوسی بڕیارنامەکە لەلایەن میسرەوە ئامادە کرابوو، بە 123دەنگی بەڵێ، 7 دەنگی نەخێر و 4 دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.
بڕیارنامەکە بڕیارەکەی 14ـی کانونی دوەمی 1981ـی ئیسرائیل، کە یاساو دەسەڵاتی دادوەری و ئیدارەی خۆی بەسەر جۆلانی داگیرکراوی سوریادا سەپاندوە، بەپووچەڵ و بێ بنەمای یاسایی لەقەڵەم دەدات.
هەروەها بڕیارنامەکە، جەخت لەداواکارییەکەی دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لەتەواوی جۆلانی داگیرکراوی سوریا بکشێتەوە بۆ هێڵی 4ـی حوزەیرانی 1967، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش" و دوپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامیی داگیرکاری و لکاندنی جۆلانی سوریا کۆسپە لە بەردەم گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر، گشتگیر و بەردەوام لە ناوچەکەدا".