شارپرێس:
چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى لیستێكى ناوی كاندیده‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق ئاراسته‌ى عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا مه‌رجه‌عى باڵا وه‌ڵامى داونه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕائید مالیكی ئه‌ندامی خولی پێشوى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكردوه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی لیستێکیان ئامادەکردوەو ناوی نۆ کاندیدی تێدابوه بۆ پۆستی سەرۆک وه‌زیرانى داهاتوى عێراق.
مالیكى وتویهتى، "مه‌به‌ستمان بوو لەڕێگەی نێوەندگیریی چەندان کەسایەتیی سیاسیی‌و ئایینییەوە، پەیامێک ئاراستەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان بکەین بۆ وەرگرتنی ڕای ئەو لەسەر کاندیدەکان، به‌ڵام مەرجەعییەت ئەو داواکارییەی ڕەتکردوەتەوەو پێیڕاگه‌یاندین نایەوێت دەستوەربداتە پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق".
هه‌روه‌ك په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى خولى پێشوى په‌رله‌مانى عێراق باسیكردوه، "سیستانی جەختیکردوەتەوە له‌سه‌رئه‌وه‌ى، ئەرکی دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکومەتی عێراق پەیوەندیی بەلایەنە سیاسییەکانەوە هەیەو ئەو دەستوەردانی تێداناکات".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 24ی تشرینی دوەمی 2025، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە 251ی خۆی لەنوسینگەی هادی عامری ئەنجامداو بەوردی گفتوگۆ لەبارەی دانانی پێوەرو بنەما سەرەکییەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کرا، هاوکات میکانیزمی دەستنیشانکردنی ئەو کەسایەتییە لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا تاووتوێکرا.
باس له‌وه‌ده‌كرێت، سەرکردەکانی چوارچێوەکە جەختیان لەوەکردوهتهوه، پێویستە پرۆسەکە پشت بەپێوەری نیشتمانیی ڕون ببەستێت کە تێیدا لێهاتویی، دەستپاکییو توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبەرچاو بگیرێت، بەشێوەیەک بتوانێت ڕوبەڕوی ئاڵنگارییەکانی قۆناغی داهاتوو ببێتەوە.
