شارپرێس:
تایوان ڕایگەیاند، چین ژمارەیەکی "زۆر" لەکەشتییە جەنگییەکانی بۆ "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی" بڵاوەپێکردوە، کە مەودایەکی دور لەدەریای زەردەوە تا دەریای چینی باشور دەگرێتەوەو بەمەش "هەڕەشە"ی لەسەر ناوچەکە دروستکردوە.
لەکاتێکدا پەکین، کە تایوان بەبەشێک لەخاکەکەی دەزانێت، مانۆڕەکانی نە پشتڕاستکردەوەو نە ڕەتیشیکردەوە، بەڵام کارین کیو وتەبێژی نوسینگەی سەرۆکایەتیی تایوان، ئاشکرایکرد، ئاژانسە ئەمنییەکان چاودێریی جموجۆڵەکانی چین دەکەن.
کیو جەختی لەوەکردوهتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چین تەنها لەگەروی تایوان کورت نەبونەتەوە، بەڵکو لەباشوری دەریای زەردەوە دەستپێدەکەنو دەگەنە دەریای چینی ڕۆژهەڵات، دورگەکانی دیاویۆو دەریای چینی باشورو تەنانەت ڕۆژئاوای زەریای هێمنیش.
تایوان داوای لەچین کردوە "دان بەخۆیدا بگرێت"، لەگەڵ ئەوەشدا متمانەی بەتوانای خۆی دەربڕیوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.
لەلایەکی ترەوە، جیانگ بین وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین ڕایگەیاند، "ڕاهێنانەکانی هێزی دەریایی لەئاوە قوڵەکاندا لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتییدا یەکدەگرێتەوەو ئاراستەی هیچ وڵاتو ئامانجێکی دیاریکراو نییە."
هاوکات، بەڕێوەبەری هەواڵگریی تایوان تسای مینگ یەنگ، هۆشداریدا کە مانگەکانی تشرینی یەکەم تا کانونی یەکەم "لەکاتی لوتکەدان" بۆ "ڕاهێنانە هەڵسەنگاندنە ساڵانەکانی" چینو مەترسی ئەوە هەیە کە حزبی شیوعی ئەو چالاکییە ڕۆتینییانە بگۆڕێت بۆ مانۆڕێک کە تایوان بکاتە ئامانج.
هەینی ڕابردوو، وەزارەتی بەرگریی تایوان ڕایگەیاند، 24 فڕۆکەی جەنگی چینی لەنزیک تایوان بینراونو هێڵی ناوەڕاستی گەروی تایوانیان بەزاندوەو بەشدارییان لەگەشتێکی شەڕکەرانەی هاوبەشدا لەگەڵ کەشتییە دەریاییەکاندا کردوە.
