زانایەکی بومەرزەزانیی هۆشداریی لەڕودانی بومەلەرزەیەکی وێرانکەر لەتورکیا دەدات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناجی گۆرۆر، زانای بومەلەرزەزانیی تورک کە بەبەردەوامیی هۆشداریی لەئەگەری ڕودانی بومەلەرزەیەکی وێرانکەر لەئه‌سته‌نبوڵ داوە، داوای لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردوە بەهیچ شێوەیەک مەترسییە بەردەوامەکانی بومەلەرزە فەرامۆشنەکەن.


ئەو زانایە جەختدەکاتەوە، ئارامیی ڕێژەیی لەچالاکییە بومەلەرزەییەکان نابێت ببێتە هۆی هەستێکی ئەمنییەتی درۆیینەو دەبێت قۆناغەکانی کەمی بومەلەرزە بۆ چڕکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بقۆزرێنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، ناوبراو بانگەشەی ئەوەدەکات، دەبێت پرسیارەکە بگۆڕدرێت لەوەی "کەیی‌و لەکوێ بومەلەرزە ڕودەدات؟" بۆ "چۆن ڕێگریی لەقوربانیی مرۆیی بکرێت؟" لەڕێگەی ئامادەکردنی ژێرخانێکی پتەوەوە.

گۆرۆر پێشنیازی دروستکردنی "شارە خۆڕاگرەکانی بومەلەرزە" دەکات کە ئەمەش پێویستی بەنەخشەیەکی گشتگیر هەیە لەبەهێزکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن، بەرزکردنەوەی هۆشیاریی دانیشتوان، نوێکردنەوەی ژێرخان‌و نیشتەجێبون‌و بەهێزکردنی ئابوری.

لەکۆتاییدا، دەڵێت تەنها بەهەوڵی هاوبەشی حکومەت‌و ئیدارە ناوخۆییەکان‌و هاوڵاتییان ئەم ئامانجە دەستەبەردەکرێت.

به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکان، ئەگەر بومەلەرزەیەکی 7.5 پلەیی لەئه‌سته‌نبوڵ ڕوبدات، 90 هەزار باڵەخانە دەڕوخێن‌و زیانەکانی بیمەش لەوانەیە زیاتر لە 325 ملیار دۆلار بێت.