کەناڵی 14ی ئیسرائیلی: ئاماژەی جیابونەوە لەناو سوپای پاسداران دەرکەوتون

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1544 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی کەناڵی 14ی عیبری کە پشتی بەسەرچاوەیەکی نزیک لەسوپای پاسدارانی ئێران بەستوە ئاشکرایکردوە، شەپۆلێکی هەڵاتن لەنێو ڕیزەکانی پلە نزمەکانی سوپادا دەستی پێکردوە، بەتایبەتی لەو بارەگایانەی کە دەکەونە ناوچە سنورییەکان‌و دەرەوەی تاران.

 
به‌گوێره‌ى وتەی سەرچاوەکە، ترسێکی زۆر لەنێو ئەنداماندا بڵاوبوەتەوەو ئەوانەی توانای داراییان هەیە هەوڵدەدەن، بەڕێگەی وشکانی وڵات بەجێبهێڵن.

دەشڵێت، "ترسەکە تەنها لەهێرشەکانی ئێستا نییە، بەڵکو لەداهاتوش دەترسن؛ چونکە پێیانوایە، ئەگەر ڕژێم لەم قەیرانە ڕزگاری بێت، تۆڵەیەکی سەخت لەوکەسانەو خێزانەکانیان دەکاتەوە کە ڕایانکردوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەڕۆژانی داهاتودا ئەگەری بەئامانجگرتنی کەسایەتییە دیارەکانی سەرکردایەتیی کاتیی هەیە بۆ تێکشکاندنی زنجیرەی فەرماندەیی‌و نەهێشتنی ترسی خەڵک، چونکە ئەگەر شەقامی ئێرانی هەستبکات سەرکردایەتییە نوێیەکە پارێزراونییە، ڕەنگە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی جەماوەریی گەورە کە مێژوییەکی درێژی هەیە.