شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی بۆ كەشوهەوای 48 كاتژمێری داهاتوی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بڵاودەكاتەوەو ڕایگەیاند، لەمڕۆوە تاوەباران و هەورەبروسكەی كەم دەبێت و شارەزایەكی كەشناسیش دەڵێت، شەپۆلێكی خۆڵبارینی كورت دەستپێدەكاتەوە.
كەشناسی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاسمانی هەرێم لەزۆربەی كاتەكان نیمچە هەورە، پێشبینی بارانبارین و هەورە تریشقەی كەم بۆ سەر بەشێك لەناوچەی جیا جیای سنووری پارێزگای دهۆك ئیدارەی زاخۆ ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەڕین لەگەڵ زیادبوونی خێرای با بۆ سەرووی 25كم لە كاتژمێرێكدا كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز لە سەر بەشێك لە ناوچە دەشتایەكانی سنووری باشووری پارێزگای هەولێر بەشێك لە ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لە پارێزگای كەركووك.
دەشڵێت، سبەی دوو شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاوییەكان نیمچە هەور دەبێت، لەئەنجامی بارستە هەوایەكی فێنك بۆ سەر ناوچەكەمان پلەكانی گەرما بەچەند پلەیەك نزم دەكاتەوە.
هاوكات، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزایی كەشناسی تایبەت بەشارپرێس ئاشكرایكرد، شەوی یەکشەممە لەسەر دوشەممە كەدەكاتە ئەمشەو، شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕودەکاتە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
جەختیش دەكاتەوە، خۆڵبارینەکە کاریگەری زیاتری لەسەر کەرکوک و باشوری هەولێرو گەرمیان دەبێت و لەسلێمانی و دەوروبەریشی بەكەمی خۆڵ دەبارێت.
ئەم كەشناسە ئەوەشی ڕاگەیاند، گۆڕانکارییەکان زۆر خێران و وتی،"سبەینێ ڕۆژی دووشەممە لەئێوارە بەدواوە دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانتان بشۆن - غەسل بکەن و خۆڵبارینەكە كۆتایی دێت.