ئەعرەجی: لێکتێگەیشتنی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتۆتە ئاراوەو شاندێکی ئەمنیی هاوبەشیش سەردانی تاران دەکات

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند کە لێکتێگەیشتنێکی "گەورە" لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و پرسە هەڵواسراوەکان، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عێراقدا بێت.

ئەعرەجی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد کە شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەشی هەولێر و بەغدا، کە نوێنەرایەتیی لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراقی-ئێرانی دەکات، سەردانی تاران دەکات بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی ئەو هێرشانەی لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکەدا کرانە سەر کوردستان و سەرانسەری عێراق.

لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ڕەتکردنەوەی ئەو هێرشانە کردووەتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێم و تەواوی ناوچەکانی عێراق. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە مەسروور بارزانی، دوێنێ شەممە بەسەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومیدا گەیشتە بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور.