شارپرێس:
فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک پەیەدە لەڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە حەسەکە ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ کەسانێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە پەرلەمانی سوریا دادەمەزرێندرێن ودیاری دەکرێن. بەڵام جارێکی تر یاساییەکی نائاسایی دژی کورد جێبەجێ دەکرێت، بەجۆرێک کە ئەو کەسانە پێشوەختە دیاری کراون و دانانی سندووقەکانی دەنگدانیش تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم دامەزراندنانەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە سیاسەتی پەراوێزخستنی ئیرادەی گەلی کورد هێشتا بەردەوامە.
فۆزا یوسف دەڵێت، هیوایەک هەبوو کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی جزیرە لە پەرلەمانی سوریادا هەبێت، بەڵام بەداخەوە پێشوەختە کەسانێک لە پێکهاتەی کوردی و عەرەبی دیاری کران و گەلی سریانی-ئاشوری، ئەرمەنی و پێکهاتەی کوردی ئێزدی بە تەواوی بێبەش کران. ئەمەش دۆخێکە کە تەواو پێچەوانەی دیموکراسی و ئەو نوێنەرایەتییە دادپەروەرانەیەیە کە ئێمە وەک سورییەک هیوای بۆ دەخوازین.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمانی سوریا) لە پارێزگای حەسەکە و کۆبانێ بۆ هەڵبژاردنی نۆ ئەندام دەستی پێکرد، بەڵام لایەنە کوردییەکان پێشتر ڕەتیان کردەوە بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا بکەن و ئاماژەیان بەوەدا، کە ڕێژەی کورد لە سوریا کەمتر نییە لە ٢٠٪ بۆیە دەبێت ژمارەی کورسییەکانی کوردیش زیاتربێت لە ٤٠ کورسی، بەڵام ئێستا تەنها چوار کورسی بۆ کورد دانراوه.
