نوسینی: گرنگ محمد شینە
بەیانی ڕۆژی شەممە، دۆناڵد ترەمپ لە نووسینگەی بیزاوی (Oval Office) دانیشت و گرنگترین و پڕبایەخترین ڕاگەیاندنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی خۆی بڵاوکردەوە.
ئەو لیستی ناوی دە سەرکردەی بڵاوکردەوە کە تازە پەیوەندیی
پێوە کردبوون: سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن، بەحرەین، و
بە جیاوازیش نەتانیاهۆ. ئەو بە جیهانی ڕاگەیاند کە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران
"تا ئاستێکی زۆر گفتوگۆی لەسەر کراوە و کۆتایی هاتووە"، گەرووی هورمز
دووبارە
دەکرێتەوە و ورەکارییەکانیش بەم زووانە بڵاودەکرێنەوە.
بازاڕەکان دەبوژێنەوە، مانشێتەکان ئاهەنگ دەگێڕن و وێنەکان
گەرموگوڕ دەبن؛ بەڵام لە شوێنێکی تاران، خەریکە لێکدانەوەیەک کۆتایی پێ دێت.
ئەو جەنگەی ڕاستیی تیۆرەکەی "کڵاوزڤیتز"ی سەلماند
کارڵ ڤۆن کڵاوزڤیتز لە کتێبی "دەربارەی جەنگ"دا دەڵێت: هێزی سەربازی
ئامانج نییە لە خۆیدا، بەڵکو ئامرازێکە
بۆ مەبەستێکی سیاسی؛ واتە جەنگ "درێژەپێدەری سیاسەتە
بە ئامرازی تر". دەرەنجامی ئەمەش ئەوەیە (کە کڵاوزڤیتز تێگەیشتبوو بەڵام
واشنتۆن وا دیارە تێنەگەیشتبوو): ئەو جەنگەی لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بێت بەڵام
ئامانجە سیاسییەکەی نەپێکێت، جەنگێکی شکستخواردووە ؛ بێ گوێدانە ئەوەی چەند کەس
کوژراون یان چەندە زیان بە ژێرخانی لایەنی بەرامبەر گەیشتووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی
شوباتدا هێرشیان کردە سەر ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران. جێبەجێکردنە سەربازییەکە سەرکەوتوو
بوو؛ دامەزراوەکانی پیتاندنی ئێران زیانێکی زۆریان بەرکەوت و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا
وەک ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو کارەکەی ئەنجامدا.
بەڵام ئامانجە سیاسییەکە — کە بریتی بوو لە ڕێگریکردن لە
ئێران بۆ هەمیشە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ناچارکردنی بە تەسلیمبوونی ستراتیژی
— نەیەتە
دی. ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا
یاداشتنامەیەکی
لێکتێگەیشتن لەخۆ دەگرێت، پێش ئەوەی لە ماوەی ٣٠ بۆ ٦٠ ڕۆژی
داهاتوودا گفتوگۆی
فراوانتر دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەنجام بدرێت.
پرسی ئەتۆم بۆ کاتێکی
تر دواخراوە. کۆگای ٤٤٠ کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو
بە ڕێژەی بەرز هەر لە دەستی
ئێرانییەکاندا ماوەتەوە و چارەنووسەکەی لە خولی داهاتووی
گفتوگۆکاندا یەکلایی
دەکرێتەوە.
جەنگەکە لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە ڕووی
سیاسییەوە بێ ئەنجام
بوو. کڵاوزڤیتز دەستبەجێ درکی بەم ئەنجامە دەکرد. ئەمە کۆنترین
جۆری شکستە لە
مێژووی ململانێ چەکدارییەکاندا: تێکەڵکردنی "دەستکەوتی
تاکتیکی" لەگەڵ
"سەرکەوتنی
ستراتیژی".
پارادۆکسی دانوستانی زۆرەملێ تۆماس شێڵینگ لە کتێبی
"ستراتیژیی ململانێ"دا،
پارادۆکسی سەرەکیی دیپلۆماسییەتی زۆرەملێ (Coercive Diplomacy) دەستنیشان
دەکات: ئەو لایەنەی دەتوانێت زیاتر لەوەی نەیارەکەی پێشبینی
دەکات بەرگەی سزادان
بگرێت، ئەو لایەنە لە دانوستانەکاندا سەردەکەوێت، نەک لایەنێک
کە لە بەرەی جەنگدا
بەهێزترە. "متمانەپێکراوی" — واتە نیشاندانی
ئامادەیی بۆ قبوڵکردنی ئەو باجانەی کە
لایەنی بەرامبەر وا دەیزانی تاقەتپڕوکێن دەبن — گۆڕدراوی
یەکلاکەرەوەیە.
ئێران لە ٢٨ی شوباتدا گەرووی هورمزی داخست. داڕێژەرانی جەنگی
ئەمریکا دەیانزانی کە
ئەمە بەهێزترین وەڵامی ناهاوسەنگی (Asymmetric) تارانە. ئەوان وایان لێکدایەوە کە
ئێران ناوێرێت ئەم کارە بکات، چونکە تێچووی ئابووریی
داخستنەکە زۆر گران دەبێت،
گوشارە نێودەوڵەتییەکان زۆر توند دەبن و ناسکیی دۆخی
ناوخۆی کۆماری ئیسلامی وا
دەکات نەتوانێت بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن
بگرێت.
بەڵام ئێران بوێریی کرد. بۆ ماوەی ٨٧ ڕۆژ، %٢٠ی نەوتی جیهان
کە بە دەریا
دەگوازرێتەوە، لە کەنداو سڕ کرا. نرخەکانی وزە لە جیهاندا
%٢٥ لە ئاستی
پێش جەنگ بەرزتر بوونەوە. هەڵاوسانی ئابووری لە ئەمریکا
گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا. ڕێژەی پشتیوانی بۆ جەنگەکە بۆ
%٣٩ دابەزی.
لە چوارچێوەی تیۆرییەکەی شێڵینگدا، ئێران لە کێبڕکێی
دانوستانی زۆرەملێدا سەرکەوت؛
نەک بە شکستهێنانی سەربازی بە ئەمریکا، بەڵکو بە نیشاندانی
ئاستێکی بەرزتر لە
بەرگەگرتنی ئازار و سزادان، کە زۆر زیاتر بوو لەوەی
واشنتۆن لێکدانەوەی بۆ
کردبوو. ئەم نمایشەی ئێران ئێستا بووەتە تایبەتمەندییەکی
هەمیشەیی لە نەخشەی
ستراتیژیدا. هەر نەیارێکی داهاتوو — هەر دەوڵەتێک کە بیەوێت
تێچووی
ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران هەژمار بکات — ئەمە دەخاتە ناو
هاوکێشەکانی
خۆیەوە. ئێران تەنیا لە جەنگێک ڕزگاری نەبووە، بەڵکو نرخی
جەنگکردنی لەگەڵ خۆی
گرانتر کردووە.
ئەمری واقیع و دۆکتۆرینی "کۆنترۆڵی کارا"
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی وەک
وەڵامێک بۆ ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
کە شایەنی ئەوەیە
وەک بەڵگەنامەیەکی ستراتیژی بخوێنرێتەوە نەک تەنیا هەواڵێکی
ڕۆژنامەوانی:
"بەڕێوەبردنی گەرووەکە،
دیاریکردنی ڕێڕەو، کات، شێوازی تێپەڕبوون و
دەرکردنی مۆڵەتەکان، تەنیا لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی کۆماری
ئیسلامی
ئێراندا دەمێنێتەوە."
ئەمە زمانی "ئەمری واقیع"ە (Fait Accompli) — دەستەواژەیەکە لە تیۆری دیپلۆماسیدا
وەسفی گۆڕانکارییەک دەکات لە ڕاستییەکانی سەر زەوی، کە
کاتێک جێگیر بوو، گۆڕینی
یان پاشەکشە پێکردنی تێچووی زۆر زیاترە لە قبوڵکردنی. گەرووی
هورمز پێش ٢٨ی
شوبات، ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی بوو کە لەلایەن ڕێککەوتننامەی
نەتەوە
یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکانەوە بەڕێوە دەبرا، بۆ هەموو
کەشتییەکان کراوە
بوو و هیچ دەوڵەتێک بە تەنیا بەڕێوەی نەدەبرد. دوای ٨٧ ڕۆژ
لە داخستنی کردەیی
لەلایەن ئێرانەوە، ئێستا شتێکی ترە؛ شوێنێکی کێشەلەسەرە
کە تێیدا دەسەڵاتی
کارگێڕیی ئێران تاقیکرایەوە و سەلمێنرا، و لەو ڕێککەوتنەی
ئێستاشدا، بەشێکی
شەرعییەتی پێ دراوە.
یاسای نێودەوڵەتی مێژوویەکی درێژی هەیە لە داننان بە دۆکتۆرینی
"کۆنترۆڵی کارا"
(Effective Control) — ئەو پرەنسیپەی دەڵێت دەسەڵاتی بەرد.
