لەکۆی 210 کورسی.. کورد 8 کورسی لەپەرلەمانی سوریا بەدەستهێنا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 827 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا (پەرلەمانی سوریا) لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆی 210 کورسی پەرلەمان، کورد تەنها هەشت کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام تا ئێستا 140 کورسی دیاریکراوەو هێشتا 70 کورسی دیکە یەکلانەکراوەتەوە، کە بڕیارە لەلایەن سەرۆکایەتی سوریاوە دیاری بکرێن.


بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کورد لە حەسەکە یەک کورسی بەدەستهێناوە، لەقامشلۆ دوو کورسی، لە دێرک یەک کورسی، کۆبانی یەک کورسی و لە عەفرینیش کە پێشتر هەڵبژاردنی تێیدا بەڕێوەچوو بوو، کورد سێ کورسی پەرلەمانی هەیە.

پەرلەمانی سوریا لە 210 کورسی پێکدێت؛ 140 کورسییان لەڕێگەی دەنگدانەوە یەکلا دەکرێنەوە و 70 کورسییەکەی دیکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی سوریاوە دیاری دەکرێن، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی راگەیاندنی ناوەکاندا، کەسایەتیی کوردی دیکەشیان تێدا بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 5ى 10ى 2025 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا لەزۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، بەڵام زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بون، هەڵبژاردن تێیدا نەکرا و پرۆسەکە بایکۆتکرا، بۆیە ئەمرۆ لەسەرجەم ئەو ناوچەکە پرۆسەکە ئەنجامدرا، کە پێشتر بایکۆتی هەڵبژاردانیان تێدا کرابوو.