شارپرێس:
سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، راپۆرتێکی
هەواڵگری ئیسرائیل رایدەگەیەنێت کە گورزەکان بۆ تێکشکاندنی توانای مووشەکیی ئێران
یەکلاکەرەوە نەبوون.
راپۆرتەکە دەڵێت: لەکاتێکدا دۆناڵد ترامپ و بنیامین نەتانیاهو بانگەشەی لەناوبردنی
تەواوی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران دەکەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئاڵۆزترە،
بەشێوەیەک بۆردومانەکان زیانی گەورەیان بە شوێنەکانی بەرهەمهێنان گەیاندووە، بەڵام
تاران هێشتا خاوەنی جبەخانەیەکی بەهێزە.
پێشبینییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا %30ی توانای موشەکیی ئێران
تێکشکاوە و لانی کەم 1,000 موشەکی بالیستی لەناو تونێلە قووڵەکاندا پارێزراون، هەروەها
بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە تێچووی کەم و خێرا بەردەوامە.
ئەوەش هاتووە: مەترسییەکە لەسەر ئیسرائیل کەمبۆتەوە، بەڵام وڵاتانی کەنداو
(سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن) هێشتا لەژێر هەڕەشەدان. لەم پرۆسەیەدا نزیکەی 2,000
موشەک ئاڕاستەیان کراوە؛ بەهۆی نەبوونی سیستمی بەرگریی بەهێز، ئەوان دەبنە ئامانجێکی
ئاسان بۆ موشەکە کورت مەوداکان.
لەکۆتاییدا دەڵێت: مەکینەی جەنگیی ئێران گورزێکی قورسی بەرکەوتووە، بەڵام کۆتایی
نەهاتووە، بەوپێیەی بەلەمە خێراکان لە گەرووی هورمز و سەکۆ ژێرزەمینییەکان دەیسەلمێنن
کە لە ئەگەری نوێبوونەوەی شەڕدا، ئێران هێشتا دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشێوێنێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی