شارپرێس:
حکومەتی کوهیت بەفەرمی سەرجەم ئەو دەنگۆو ڕاپۆرتە
ڕۆژنامەوانییانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەبەشداریکردنی هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە
لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرد، باڵیۆزی کوهیت لهئهمریكا
دهڵێت:"ههموو ئهو هەواڵانەسەرلەبەریان ناڕاستو بێبنەمان".
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کوهیت (کۆنا) بڵاویکردەوە،
شێخە زەین سەباح باڵیۆزی کوهیت لەئەمریکا، نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی دەستەی نوسەرانی
ڕۆژنامەی ناوداری "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کردوەو تێیدا وەڵامێکی توندى بۆ ئەو
ڕاپۆرتە چەواشەکارییەی کە ڕۆژنامەکە نوسیوه كه لە 24ی تەمموزی 2026دا بڵاویکردبوەوە.
باڵیۆزی کوهیت لەنامەکەیدا نوسیویهتى،
"ئەو ڕاپۆرتەی بەناونیشانی فڕۆکە جەنگییەکانی بەحرەینو کوهیت لەتۆڵەسەندنەوەیەکی
دەگمەنی سەر کەنداو تێوەگلاون، بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییەو کوهیت بەشداریی لەهیچ هێرشێکی
سەربازیی دژی ئێران نەکردوە، وڵاتەکەم ڕێگەی نەداوەو ناشیدات کە خاک، ئاسمان یان
ئاوە هەرێمییەکانی بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێن".
شێخە زەین سەباح لەنامەکەیدا جەختی لەسەر هەڵوێستی
نەگۆڕو ئاشکرای وڵاتەکەی لەکاتی قەیرانە نێودەوڵەتیو ناوچەییەکاندا کردەوە، ئهو
دهڵێت، "ڕێزگرتن لەیاسا نێودەوڵەتییەکانو پاراستنی سەروەریی وڵاتان، بەهێزکردنی
پەیوەندیی دراوسێیەتی باشو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەو ناکۆکییەکان تەنها لەڕێگەی
دیپلۆماسیو گفتوگۆی هێمنەوە لهئهولهویهتى كارو سیاسهتهكانى وڵاتهكهمانه".
باڵیۆزی کوهیت ئاماژەی بەوەشکردوه، وڵاتەکەی
بەهۆی پێگەی جوگرافییەکەیەوە، لەماوەی چەند دەیەی ڕابردودا باجی قورسی مرۆییو
ئابوریی جەنگەکانی ناوچەکەی داوە، بۆیە کوهیت پێیوایە، ئاسایش بەئاڵۆزکردنی دۆخەکەو
توندوتیژیی نایەتەدی، بەڵکو تەنها بەدانبەخۆداگرتنو کەمکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.
لەکۆتایی نامەکەدا، باڵیۆزی کوهیت بەفەرمی
داوای لەڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کردوه، زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەی ڕاستبکاتەوە،
ئەو هۆشداریداوه کە گواستنەوەی ڕاستیو وردی دەنگوباسەکان لەمکاتە هەستیارەی ناوچەکەدا،
تەنها بەرپرسیارێتییەکی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو مەرجێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی
ئاشتیو ئارامیی نێودەوڵەتیو ڕێگریکردن لەچەواشەکردنی ڕای گشتیی.
