شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەورەترین کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسرائیلە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 39یەمین کۆبونەوەی بەڕێوەبەرانی پەروەردەی وڵاتەکەی لەتاران، ڕایگەیاند، ئەم جەنگە، جەنگێکی لەبیرنەکراو بوو لەمێژودا. گەلی ئێران لەبەرامبەر گەورەترین سوپای جیهاندا، لەپاڵ سوپایەکی دیکەدا کە ئەویش بانگەشەی هێزی دەکرد، بەهاوڕێیەتی و پشتیوانیی نزیکەی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاواو هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە، 40 ڕۆژ بەرخۆدان و خۆڕاگریی کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەکرد، "ئەوان ئێرانیان کوتا، بەڵام نەیانتوانی بگەنە هیچکام لەئامانجەکانیان".
عێراقچی، وتیشی،" ئێران لەگۆڕەپانی جەنگ و لە ۆڕەپانی دیپلۆماسیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەهێزەوە شەڕمان کردو بەهێزیشەوە دانوستاندنمان کرد، دیسان ئەم دەربڕینە لەم کۆڕەدا دەخەمەڕوو، کە زۆر لەوەزیرانی دەرەوەی وڵاتان بەمنیان وت، ئێوە جەنگ و دیپلۆماسیتان بردەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونیکردەوە، دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ (هێزە سەربازییەکان) لەهاوئاهەنگیی تەواودان؛ دیپلۆماسی بە پشتبەستن بە هێزی بەرگری و سەربازیی وڵات، دەستکەوتەکانی مەیدانی جەنگ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی ئێران دا جێگیر دەکات.
بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، عێراقچی رایگەیاند، ئیسرائیل گەورەترین دژبەر و کۆسپە لەبەردەم جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەدا.
وەزیرەکەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، "گەورەترین دژبەرو کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتندا، ئیسرائیلە، ئەوان هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنی وا نەیەتە ئاراوە، هەموو هەوڵێکی خۆیان دا کە ئەم لێکتێگەیشتنە شکست بهێنێت و هەموو هەوڵێکی خۆیان دا نەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەم هەوڵەیان".
