سەرەڕای نارەزایەتییەکانی یوفا.. ئینفانتینۆ سوربونی لەسەر خۆکاندیدکردنەوەی بۆ ساڵی 2027 دوپات دەکاتەوە

وەرزش

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 84 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای گوشارەکان و ئەو مشتومڕانەی لەسەر پلانی وەبەرهێنانی تایبەت بە دروستبونی کۆمپانیای بازرگانیی "FIFA Forward Enterprise" هاتۆتە ئاراوە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) دووپاتی کردەوە کە جیانی ئینفانتینۆی تەمەن 56 ساڵ سوورە لەسەر خۆکاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە.

فیفا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئینفانتینو لە مانگی نیساندا نیازی خۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی 2027 ڕاگەیاندووە و هیچ شتێک لەو هەڵوێستە نەگۆڕاوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ڕەخنەگران فیفایان بە هەوڵدان بۆ "فرۆشتنی" تۆپی پێ تۆمەتبار کرد بەهۆی ڕێگەدان بەوەبەرهێنەرانی دەرەکی بۆ کڕینی پشکەکان، ئەمەش بوە هۆی دروستبوونی لێکترازانی گەورە لە نێوان یەکێتییە کیشوەرییەکان و وڵاتانی ئەندامدا.

هەرچەندە فیفا لەژێر گوشاری توندی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یویفا) پلانەکەی کێشایەوە و ڕایگەیاند کە بە تەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام یویفا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دورخستنەوەی ئینفانتینۆ.

لەلایەکی دیکەوە، دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ ئینفانتینۆ ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بەبێ ئەو فیفا ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر هەمان ئاستی سەرکەوتن و قازانج. 

ئینفانتینۆ کە لە 26ی شوباتی 2016ەوە سەرۆکی فیفایە، لە میانی کۆنگرەی 76 لە ڤانکۆڤەر سوپاسی ئەندامانی کرد بۆ پشتیوانی دە ساڵی ڕابردوویان. بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی لە 18ی ئازاری 2027 لە شارۆچکەی ڕباتی مەغریب لە کاتی کۆنگرەی 77ی فیفادا بەڕێوە بچێت.