کێ بەڵێنە درۆکانی دەکات بەڕاستی؟

بیروڕا

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣وە، زۆربەی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی وڵاتیان داوە. لە ئەیاد عەلاوی و ئیبراهیم جەعفەرییەوە تا نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی، محەممەد شیاع سوودانی و ئێستاش عەلی زەیدی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەشێکی سەرەکی بووە لە گوتاری سیاسیی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کامیان توانیویەتی بەڵێنەکانی بە تەواوی جێبەجێ بکات؟

نووری مالیکی، لە ماوەی دەسەڵاتیدا (٢٠٠٦–٢٠١٤)، دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی هەڵگرت و ئەنجوومەنی هەماهەنگیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراند.

حەیدەر عەبادی (٢٠١٤–٢٠١٨)، بە دروشمی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی هاتە سەر دەسەڵات و ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراند.

عادل عەبدولمەهدی (٢٠١٨–٢٠٢٠)، هەمان سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بەرز کردوەو ئەنجوومەنەکەی دووبارە ڕێکخستەوە.

مستەفا کازمی (٢٠٢٠–٢٠٢٢)، بە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان هاتە سەر دەسەڵات و لیژنەیەکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دامەزراند؛ بەڵام ڕێک لە سەردەمی حکومەتەکەی ئەودا، نزیکەی ٢.٥ ملیار دۆلار لە پارەی دەوڵەت دزرا، کە بە دزیی سەدە ناسرا.

محەممەد شیاع سوودانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کردە یەکەم ئەولەوییەتی حکومەتەکەی. لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە بەردەم کامێراکان و لە تەنیشت کۆمەڵێک پارەی گەڕێندراوە، بەڵێنی گەڕاندنەوەی تەواوی ٢.٥ ملیار دۆلارەکەی دا؛ بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای زیاتر لە دوو مانگ تەنها نزیکەی لە سەدا ٨ی ئەو پارەیە گەڕێندرابووەوە.

ئێستاش عەلی زەیدی هەمان پرسی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق دەخاتە بەردەم خەڵک. بەپێی ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکانی ساڵی ٢٠٢١، زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دۆلار لە سامانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە دزراوە زیاتر لە دوو دەیەیە سەرۆکوەزیران دەگۆڕێن، حکومەتەکان دەگۆڕێن، لیژنە و ئەنجوومەنەکان دەگۆڕێن، کەچی دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان هەر وەک خۆی دووبارە دەبێتەوە.

ئەوەی خەڵکی دەیانەوێت بیزانن ئەمەیە: چەند ملیار دۆلار بە کردەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت؟ چەند گەندەڵکاری پلەبەرز سزا دراون؟ چەند بەرپرسی حکومی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە؟ چەند پارە هێشتا لە بانکەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ماوەتەوە؟

خەڵکی چیتر پێویستیان بە دروشمی کۆن بە دەنگێکی نوێ نییە؛ پێویستیان بە کردار، شەفافیەت و ئەنجامە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا زەیدی، فایەق زێدان و ئەوانی تر تا چەند ئامادەن لەو پارە ناشەرعییانەی خۆیانیان پێ دەوڵەمەند کردووە بیگەڕێننەوە بۆ خەڵکی عێراق؟ دڵنیام جگە لە دزە بچکۆلەکان، زەیدی ناتوانێت ڕووبەڕووی گەورەکان ببێتەوە.

پۆپۆلیستەکان دڵیان بەمە خۆشە چونکە مەجالی درۆی زۆری تێدایە بۆ ئەوان، ئەگینا ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت. هیوادارم زەیدی ئەو پیاوە بێت بتوانێت هەرچی دزە بیگرێت لە زاخۆوە تا بەسڕا و دروشمەکانی بکات بە واقیع، نەک وەک برادەرەکانی پێش خۆی فشی بکاتەوە.