لەبیرم دێ پێش ئەوەی لە هەرێمی باشوری کوردستان ، حیزبەکان
و دەنگی کۆمەڵگە ، زۆر بە گەرم و گوڕی باسیان لە ئایندەیەکی گەش دەکرد بۆ کورد لەم
بەشەی کوردستان ، بەو پێودانگەی ، کورد بە
هەوڵ و ئەو بەحرەخوێنەی رێژرا بۆ ئازادی ،
وا بەرهەمەکەی دەچنێتەوە و ، ئەو کوردەی تا دوێنێ بێکەس کوژ دەکراو ئەنفال دەکراو بە کیمیایی دەخنکێنرا ، بە قەولی
سیاسەت جینۆساید دەکرا ، ئەوا لە جیهاندا وا ناسراوە بە مەزڵومیەتی خۆی ، کە بە پێشنیاری
فەرەنسا وەک ئەندامی هەمیشەیی مەجلیسی ئەمن و قەراری نەتەوە یەکگرتوەکان ، لە سوپای خوێنرێژی حکومەتی صدام جیا کرایەوە
و خرایە ژێر پشتێنەی پاراستنی هێزەکانی تەحالوف
،کە بە پشتێنەی ئەمنی ناوی دەبرا .
ئەوکات ئەگەرچی حیزبەکان ئەم مەسەلەیەیان بە شتێکی سانەوی
وەرگرتبوو ، کە هەتا ئەمرۆ ٣٣ ساڵە هەر لایان بابەتێکی سانەوی و کاتیە ، بەڵام لای کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ،
فرسەتێکی جەوهری بوو ، کە کورد دەبێ نەک هەر بەرگەی حەساری ئیقتسادی قورس بگرێ بەڵکو
خۆڵ بخوات بەس ئازاد بێت ،
راستە بۆ کۆمەڵگەیەکی تەواو سەرلەبەری ئەنفال کراو ، بە بۆمبی کیمیایی
خنکێنراو ، خاک و ماڵ سوتێنراو ، ئازادی و رزگار بوون شەرتی یەکەمە ، لە بیرم دێ یەکێک
لەو هوتافانەی کە لە ڕاپەرینەکەی بەهاری ١٩٩١ دەوترایەوە ئەوە بوو دەماشیراند دەمانوت ( چیتان دەوێ کوردەکان ، ئازادی بۆ
کوردستان )
واتە ئازادی مەرجی یەکەمی
رزگار بوونە ، رزگار بوونیش مەرجی یەکەمی سەربەخۆ بوونە ، سەربەخۆ بوونیش مەرجی یەکەمی
دیمۆکراتی و بەدەوڵەت بوونە .
خەڵک بە گوڕو تینەوە داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکرد ، خەڵك ئەو رۆژەی
پەرلەمانی تێدا هەڵبژێردراو دەنگیان دا بە حیزبەکان ، بە رۆژی جەژنێکی نەتەوەیی
حسابیان دەکرد ، ئەو رۆژە هەرچی مرۆڤی کورد هەبوو ، لە دەرەوەی ماڵەکانیان بوون ،
بە شای و لۆغان و پێکەنین و وەک سەیرانێکی
جەماعی دەنگیان داو ، هەموو باوەشی پڕ خۆشەویستی
و رزگاریان دەکرد بەیەکدا ، ئەوا رۆژی کورد هەڵات و پرشنگی گەیشتە هەموو پارچەکانی تری کوردستان .
حیزبەکان و سەرکردەکان بە پێچەوانەی کۆمەڵانی خەڵک و چاوەروانی جەماوەر
، چاویان لەیەک بز دەکردەوە و خروقاتی شەریان
دەکرد ، بەڵام بە هەوڵی پیاوچاکان هەرچۆنێ
بوو دەست گیرا بەسەریانداو ، هەرچۆنێ بوو
بە پێوەری ٥٠ بە ٥٠ لەسەر دابەشکردنی
کوردسەکانی پەرلەمان رێکەوتن ، ئیدی لەو ٥٠ بە ٥٠ ی کورسی پەرلەمان نەهامەتی دەستی پێ کرد ،
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا
، سەرەتا حیزبەکان هیوایان وا بوو کە ململانێی سیاسی بەچەک نەکرێت ، بەڵکو بە موناقەشەو گفگتوگۆی ناو پەرلەمان بکرێت ، هەرچەندە وا دەرنەچوو
بەڵام سەرەتا ، کە بروایان بە سیستەمی پەرلەمانی
بوو ، پارتی سەرۆکی پەرلەمانی هەڵگرت بۆ خۆی و سەرۆکی حکومەت ، کە سەرۆکی حکومەت
درایە یەکێتی کە دەزگایەکی تەنفیزیە ،
سەرەتا دەگەڕان بە شوێن
کەسانی زۆر شارەزو مەدەنی بۆ ئەندام بوون
لە یەکەم خولی پەرلەمان ، وەک دوکتۆر فازیل قەفتان ، دوکتۆر عیزدەین مستەفا رەسوڵ
، شێرکۆ بێکەس ، ............ دەیان کەسایەتی
تر ، لەناو حیزبیشدا گرگترین کەسایەتی دەکرا بە سەرۆکی پەرلەمان کە پارتی جەوهەر
نامیقی کردە سەرۆکی پەرلەمان و یەکێتی دوکتۆر فوئاد مەعسومی کردە سەرۆکی حکومەت ، سەرەتا خواستێک هەبوو کە کورد لەو بەشەی کوردستان ببێت بە خاوەنی کیانێک ئەگەرچی بەرێوەبردنیشی خراپ بێت، بەهۆی ناتەبایی هەردوو حیزبی گەورەی ململانێێ سیاسی یەکێتی
و پارتی ،
وەلی هەر زوو ئەو پەرلەمانە
بریاری شەری براکوژی دا لەگەڵ پێکاکا ، ئەمەش
تەنهاو تەنها بۆ رازی کردنی تورکیا بوو ،
زیاتر لەوەی بریارێکی پەرلەمانی بێت بریارێکی حیزبی بوو ،بە پەرلەمان کرا ،
دواتر شەری نێوان حیزبەکان وەک حسک و پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی
و یەکێتی ، کزەبای هەڵکردنی شەربوو لەنێوان هەردوو حیزبی ململانێکە یەکێتی و پارتی
، تا سەرئەنجام شەڕ هەڵگیرساو بەهیچ نەوعێک
رێک نەکەوتن تا بە پیلانی ٣١ ئاب ، هەرێم
کرا بە دوو کەرتەوە و رێکیان خستن ، لەسەر ئەساسی دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی و دوو هەرێمی ، کە هەتا ئێستە هەردوو زۆن گەندەڵی
و بێدادی و داماوی ئەیهاڕێت ، کاتێکیش رژێمی صدام روخاو کۆتایی بەو رژێمە هات
، ئەم دوو حیزبەی سەرەتا بە شەر هەرێمیان پارچە پارچە کرد ، لە بری سارێژ کردنی برینەکان
و لابردنی ئەو سنورەی بە غەدر دروستیان کرد ، هاتن مەسەلەی ئیتفاقی ستراتیجیان هێنایە کایەوە
، بە ئیتفاقی ستراتیجی ، زیاتر سنورەکەیان
قایم کرد زیاتر هەردوو زۆنیان لێک جیا کردەوە
کە بە کۆریای باشورو باکور ناوی دەبرێت ، ئەمەش زیاتر دەستی قاچاخچی سیاسی و گەندەڵی
واڵا کرد ، کە ئەگەرچی جاران ئامێر و شۆفڵیان ئاودیو دەکرد ، لەوکاتەوە ئێستە
نەوت و سەروەتی بن زەوی بەقاچاخ دەبرێت ، سنوری نێوانیان کراوە بە بنکەیەکی پارەپەیدا کردن و قاچاخچێتی
، سنورەکانی ئێران و تورکیا کە دەکاتە رۆژهەڵاتی
کوردستان و باکور ، قاچاخچێتی تێدا دەکێت بە ئاشکرا ، ئەوە تەنها لەو هەرێمە بیستراوە
و بینراوە قاچاخچێتی بە ئاشکرا بکرێت ،
ئەمەش بە بێ ئەرزش
کردنی پەرلەمان ، پەرلەمان لە شوێنان کەوتۆتە
شەرەوە لەگەڵ حیزبی حاکم یان حکومەتی ئیستبداد ، بۆ ئەوەی ئەمە ڕونەدات پەرلەمانیان
بێ ئەرزش کرد ، بە تێترنجاندنی کۆیلەی بێئەرزشی حیزبی ، ئەو پەرلەمانەی کە سەرەتا بۆ
دروست کردنی کیانی کوردی لە هەناوی خەڵکەوە هەڵبژێردرا ، دوایی کرا بە دەزگایەکی بێ
ئەرزش کە هیچ بریارێکی لەبەر ناروات ، تەنها جارێک بە هەڵبژاردن کەسێک کرا بە سەرۆکی ، ئەوە بوو پارتی ،بە خورتی دەری کردوو دەرگای پەرلەمانی
داخست و هەڕەشەی شەری دەدا بە گوێی خەڵکدا ، سەرۆکی پەرلەمان کێ بێت کێ نەبێت تەنها مەئمورێکی دلسۆزی سەرو خۆی بێت بەسە ، پەرلەمانتاریش تەنها موچەخۆرێکی قەبەو خۆ دەڵەمەند کردن ئیشیانە ، لێرەوە جار بە جار پەرلەمان هێندە سوک کرا ، ئێستە بەیت بێژان و قۆشمەچی ناو سۆسیال مێدیاکان
و قەبڕ هەڵکەن و خەڵکانێکی تر ، لەبری ئەو کەسە بەویقارانەی سەرەتا بە گفتوگۆ هەر یەکێکیان رازی دەکرا ببنە ئەندام پەرلەمان ،نەک وەک ئێستە بە
واستەو ماستاو کرد دەبنە کاندید بۆ هەڵبژاردن
، چونکە هێندە قورس بوو ئەندام بوون لەو پەرلەمانە جاران هەموو کەسێ خۆی لە قەرەی نەدەدا .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی