مەترسی دۆزینەوەی مرۆڤی پێش مێژوو.

03/05/2024

سەردار حەمەرەش


حاشا هەڵنەگرە کە شێوازی سەروچاوی ئەو ژنە نێندەرتاڵە تۆزێک لە خەڵكی ناوچەکە دەچێت؛ چاوی شین نیە و قژی زەرد. خۆ ئەگەر چاوی شین بوایە و قژی زەرد، ئەوا دەبوو بە هەڵا و پرسیار و شککردن لە ڕاستی پێست و وشکڵی دەموچاوی.
مێژووی پەڕینەوەی مرۆڤی ساپیان لە ئەفریقاوە بۆ ئەمبەری ئاوەکە نزیکەی پەنجاو پێنج هەزار ساڵە، نێندەرتاڵەکان زۆزۆر لەوان دێرینترن، بە تەک یەکەوە ژیاون و زازوزێیان کردووە، بۆیە بە ئای دی ئێن دەرکەوتووە کە لە سەدا پێنجی ئای دی ئێنی ئەروپیەکان نێندەرتاڵین ( ئەوەی هەتا ئەم ساتە دەیزانین).
لە سەدەی ڕابوردودا، پێش ئەوەی کە بزانین ئێمەی ساپیان لەسەدا پێنجی ئای دی ئێنمان نێندەرتاڵە، نێندەرتاڵەکانیان بە کەسانی بێ مێشک و بێ هونەر وەسفدەکرد، دەیان گووت کە ئەوان کەسانی گردە بوون و تەنانەت توانای بەکارهێنانی کەلوپەلیشان نەبووە. ئیدی دوای ئەوەی زانرا لەسەدا پێنجی دی ئای ئێنی ئێمەی ساپیان نێندەرتاڵیە، کەوتنە پیاهەڵدانیان، لەگەڵ ئەوەشدا هەتاوەکو ئێستاکە هونەر و داهێنانی نێندەرتاڵەکان دەگمەنن، بە ڕوونی هۆکاری لەناوچوونیان نازانرێت؛ بە نەخۆشی یان کەمی توانایان بە تەک توانای ئۆرگانیزاسیۆنی ساپیانەوە ؟
ئەوروپیەکان بە تایبەتی ئەورپیە چاوشین و قژزەردەکان ئەوانەی ناوی خۆیان ناو نابوو ئاریەکان، زۆر بە دوای ڕەچەڵەکی خۆیاندا وێڵن، کاتێک فەرەنسی و بەلجیکیەکان گەشتنە ڕوندا و خێڵە توتسیەکانیان بینی کە کەسانێکی کەڵەگەت و جوانخاس بوون (سەیری وێنەکەی سەرەوە بکە) لە چاو ئوتووەکاندا کە ئەوان گردە و ناشرین بوون، هەر خێرا گووتیان ئەوە ڕەچيڵەکی ئێمەی ئەوروپیە، کەڵەگەت و جوانخاس.  لەگەڵ ئەوەشدا کە توتسیەکان کەمینە بوون بەڵام دەسەڵاتیان زیاتر دابوو بەوان و مافیان زۆرتر بوو لە ئوتووە گردە ناشرینەکان. ئەوان زیاتر مافیان هەبوو لەبەر ئەوەی ئەوروپیەکان جیاوازیان دەکرد لە نێوانیاندا، ئەمەش بووە هۆکاری دژایەتی کردنی یەکتری، ئەوە بوو ئەو جیاوازییە بووە هۆکاری شەڕو ئاژاوە و جینۆساید، تەنها لە یەک مانگدا هەشت سەد توتسیان بە چاقۆ کوشتن. 
ئەمڕۆش دۆزینەوە ئارکیۆلۆژیەکان بەتایبەتی بەهۆکاری ژیری دەستکردەوە، پێ دەچێت جیاوازیەکی تر بخولقێنێت لە نێوان مرۆڤەکانی سەر زەویدا و کەسانێک دەیانەوێت تیۆری ڕەچيڵەکەی ئاری زیندوبکنەوە و بە ژیری دەستکرد و جیاوزای بکەن لە نێوان مرۆڤەکانی سەر زەویدا بە هۆی دۆزینەوە نوێەکانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی