گرنگی سووریا و حیزبوڵا بۆ ئێران

05/05/2024

شێرکۆ کرمانج



گرنگی سووریا و حیزبوڵا بۆ ئێران پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گرنگی عێراق بۆ ئێران هەیە، کە لە بەشی پێشووتری ئەم زنجیرە بابەتە ئاماژەی پێکرا. بۆیە تێگەیشتن لە گرنگی هەر یەکێکیان پەیوەندی بە گرنگی ئەوی دیکەوە هەیە. لەم بابەتە باس لە دەستوەردانی ئێران لە سووریا دەکەین و دواتریش شرۆڤەی ستراتیجییەکانی ئێران لەو وڵاتەدا دەکەین.
دەستورەردانی ئێران لە سووریا
هەرچەندە شەڕی ناوخۆی سووریا لەلایەن میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوا بایەخی زۆری پێدراوە بەڵام ڕاگەیاندن و نووسینەکان لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بەم قەیرانەوە زۆر سادەن. سادەکردنەوەکە لەوە دەردەکەوێت کە زۆرجار کێشەکە وەکوو شەڕی نێوان چاکە و خراپە پیشان دەدرێت؛ خراپە ڕژێمەکەی ئەسەد و چاکەش هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن. بەگشتی وا پیشاندەدرێت چاکەخوازەکان تەنها ئازادی و نیزامێکی نوێ و دیموکراسییان بوێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ پرسی سووریا لە ناوەندە ئەکادیمی و ڕاگەیاندنەکاندا زاڵ بوو تا ئەو کاتەی کە دوو گرووپی توندڕەوی تیرۆرستی، داعش و نوسرە، دەرکەوتن و بوون بە بەهێزترین ڕێکخراوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن. ئەمە نیشانیدا کە ڕاستییەکان لەسەر ئەرزی واقیع زۆر ئاڵۆزترن. هەر چۆنێک بێت، ئەوەی نکۆڵی لێناکرێت ئەوەیە کە دەرکەوتەکان و بەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە سنوورەکانی سووریایان بەزاند و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی جوگرافی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی جیهانی دروستکرد. یەکێ لە دیوەکانی ململانێکە کە پێویستی بەوەیە بەتایبەتی بایەخی پێبدرێت جۆر و ڕادەی تێوەگلانی ئێرانە لەو کێشەدا.
کاتێک بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، پەنای برد بۆ هێز بە مەبەستی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتەکەی، ئیدی شەڕێکی ناوخۆیی مەزهەبیی سەریهەڵدا هاوشێوەی ئەوەی دوای ڕووخانی سەدام لە عێراق ڕوویدا. سووریا بوو بە مەیدانی جەنگ بۆ هەموو ئەو گرووپە جیاوازانەی کە لە ژێر ناوی "ئیسلامگەرایی سوننی"دا سوننەکانی ناوچەکە هاوکاریان دەکردن لەلایەک و هێزە شیعیەکانی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵا و حکومەتی عێراق و ئێران و شەڕکەرانی ئەفغانی و پاکستانی چەکدارکراو لەلایەن ئێران، بەسەریەکەوە لەلایەکی دیکە. هەندێک ئەکادیمی کردەوەی زلهێزەکانی ناوچەکە لە پەیوەند بە ململانێکانی سووریا و عێراقی دوای سەدام وەک نیشانەی چڕبوونەوەی "شەڕی سارد"ی سوننە-شیعە لە ناوچەکەدا دەبینن، من وەک "شەڕی گەرم" دەمدیت.
لەسەروبەندی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کە لە ٢٠١١ لە گۆڕێدا بوو، ئێران کێشەی سووریای وەکوو دەرفەتێک، هاوشێوەی عێراق، دەبینی بۆ ئەوەی دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە و ئەودیوی ناوچەکەدا بسەپێنێت و وەک کارتێک لە دانوستانەکاندا بەکاری بێنێت. بەم شێوەیە تێوەگلانی ئێران لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا دەکرێت وەکوو ململانێیەکی گەورەتری هەرێمیی تەماشا بکرێت لە نێوان ئێران و سعودیە لەلایەک؛ لەلایەکی دیکەوە وەکوو ململانێی ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کە فشار لە ئێران دەکەن تاوەکوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆتایی پێ بێنێت.
لەم زنجیرە بابەتەدا کە تا ئێستا سێ بەشی لێ بڵاوبۆتەوە ئێمە لە ڕۆڵی ئیسرائیل بەجیا لە ڕۆژئاوا ناکۆڵینەوە چونکە ئەوانیش هەمان شێوەی ئیسرائیل دژی فراوانبوونی کاریگەریی ئێرانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. لە بەشی داهاتووشدا وردتر قسە لەسەر تێوەگلانی ئێران لە سووریا لە پەیوەند بە سعودیە و قەتەر دەکەین.
ئەو پشتیوانیەی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ئێرانەوە وەریگرتووە ئەوەندە کاریگەر نەدەبوو ئەگەر ئێران ئەو دەسەڵاتە زۆرەی بەسەر حیزبوڵادا نەبووایە و عێراق وەک تونیلێک بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان لەبەردەستدا نەبووایە. هەر چۆنێک بێت، لە چل ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان ئێران و حیزبوڵا زۆر گەشەی کردووە، بەشێوەیەک کە تا حیزبوڵا دەسەڵاتی زیاتر بووبێت ئێرانیش توانای سوودبینینی لەم پەیوەندییە زیاتر و گەورەتر بووە. لە ڕاستیدا، ئەوە پاڵپشتی لۆجستیکی ئێرانە، وەک ڕاهێنان و مەشق و پێدانی کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی، کە میحوەری ئێران-حیزبوڵای کردووە بە هێزێک کە جێگای سەرنج بێت. ئەمەش لە ڕۆڵی حیزبوڵا لە شەڕی ناوخۆی سووریا و عێراق و یەمەن بە زەقی دەرکەوت.
تێوەگلانی حیزبوڵا و چوونە بەرەی ئەسەد زیاتر دیوە مەزهەبییەکەی شەڕی سووریا ڕۆشن دەکاتەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی یاریکەرەکانی شەڕ و ململانێکانی سووریا ڕۆڵی خۆیان بەربنەمای هێڵە مەزهەبییەکان دیاری کردووە و وەک پاساوێک بۆ تێوەگلانیان بەکاری دێنن. بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە پاڵپشتی ئێران و حیزبوڵا چەندێک بە هۆکاری نزیکایەتی دینی و مەزهەبی بووە ئەوەندەش بۆ بەرژەوەندی ستراتیجی ئێران بووە. بەشێوەیەک کە حیزبوڵا بووە بە دەستی ڕاستی ئێران، کە دەیەوێت وەکوو پارێزەری شیعە و عەلەویەکان دژی زۆرینەی سوننە لە سووریا ئامادە بێت؛ هاوکات وەکوو بەشێک لە ستراتیجی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل کاریگەریی هەبێت؛ لەپاڵ ئەمانەدا، بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و دەسەڵات لە هاوکێشە سیاسیە ناوخۆییەکانی لوبنان و یەمەنیشدا ڕۆڵ بگێڕێت.
دەستێوەردانی ئێران لە سووریا تەنها لە ڕێگای پاڵپشتیەکانی بۆ حیزبوڵا نەبووە، کە هاوشانی هێزەکانی ئەسەد شەڕیان دەکرد. ئێران ڕاستەوخۆش لەگەڵ و لە پشت ڕژێمەکەی سووریا دا وەستاوە. چەندان ڕاپۆرت ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە لە یەکەم ساڵی قەیرانی سووریا دا قاسم سلێمانی (فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران تا کوژرانی لە ٢٠٢٠ دا)  دوو جار سەردانی دیمەشقی کردبوو. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەرزوو دوای سەرهەڵدانی ململانێکان، ئێران ١٥ هەزار چەکداری "بژاردە"ی لە سوپای قودس نارد بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای سووریا و هێزە ئەمنیەکانی دیکە شەڕ بکەن. تا ناوەڕاستی ٢٠١٦، هێزە ئێرانی و غەیرە ئێرانییەکان لە سووریا دا ژمارەیان گەشتبووە ٧٠ هەزار چەکدار، کە بە ژمارە ٥٠ هەزار لە هێزی چەکداری ئەسەد زۆرتر بوو. جگە لە چەکدار، ئێران پاڵپشتی پسپۆڕیی و کەرەستەشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی سووریا دابینکردوە. دەگوترێت کە ئێران هێڵە فڕۆکەوانییە مەدەنییەکانی وەک "هێڵی ئاسمانی ئێران" و "هێڵی ئاسمانی یاس"ی بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی وەکوو موشەک و ڕۆکێت و دژە فڕۆکە و سەرباز و چەک بۆ سووریا بەکارهێناوە. لەگەڵ بەردەوام بوونی ململانێکان و فراوانبوونیدا، ئێران گرووپێکی  ٥٠ هەزار سەربازیی لە دەرەوەی سوپا پێکهێنا و ڕاهێنانی پێکردن و ناوی لێنان "جەیشی شەعبی" (سوپای گەل) بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای سووریا شەڕ بکەن و بۆ داهاتوش وەکو سوپایەکی هاوتەریب لە سووریا سوودیان لێ ببینێت ڕێک وەکوو سوپای پاسداران لە ئێران و حەشدی شەعبی لە عێراق. دواتر ئەم هێزە لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەیاساییکراو ناوی لێنرا "هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی".
بەگشتی، ئێران بە دوو شێوە لە سووریا تێوەگلاوە. یەکەم، ئێران سوودی لە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان وەرگرتووە، لەوانە: حیزبوڵا و جەیش شەعبی، کە وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بەکاریان دێنێت. لە ئەنجامدانی ئەمەدا ئێران دەیەوێت باری سەر شانی خۆی و ڕژێمی سووریا سوکتر بکات؛ هەروەها بە مەبەستی بەکارهێنانی هێزی مرۆیی سووریا لەسەر خاکی خۆیاندا. دووەم، ڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە ڕژێمی سووریا کرد چونکە ڕووخانی ڕژێمەکە پرسی یاساییبوونی بوونی ئێرانییەکانی لەوێدا دروست دەکرد و زیاتر سووریای ناسەقامگیر دەکرد.
بەم پێیە دەستێوەردانی ئێران لە سووریا دا بەو مەبەستە بووە کە بە ئامانجە ستراتیجییەکانی خۆی بگات. ئەگەر ئێران بتوانێت بەردەوام بێت لەو هاوکارییە بەرچاوەی کە پێشکەشی ڕژێمی سووریای دەکات، ئەمە بەو مانایە دێت هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەدەستنایەت بەبێ بەشداریی کاریگەریی ئێران، ئەمەش ڕۆڵی ئێران وەکو یاریکەرێکی بەتوانای هەرێمیی دەردەخات، جا باش یان خراپ بێت.

ستراتیجییەتی ئێران لە سووریا
وەک لە بەشەکانی دیکەی ئەم زنجیرە بابەتە ئاماژەی پێکرا، شەراکەتی نێوان ئێران و سووریا لەو کاتەوە دروست بوو کە شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ئەیلولی ١٩٨٠ سەریهەڵدا. لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕەکە شەراکەتەکە بەهێزتر بوو و سووریاش هاوکاریی بەنرخی دیبلۆماسی و سەربازی پێشکەشی ئێران کرد بۆ ئەوەی یارمەتی ئێران بدات کە لە شەڕەکەدا شکست نەهێنێت، بە ڕادەیەک کە هێزەکانی عێراق توانیان ئێرانییەکان لەسەر خاکەکەیان لە ئایاری ١٩٨٢ بەتەواوی دەربکەن. لە هەمان ساڵدا، سەرەڕای پێویستیی عێراق بە داهاتی نەوت بەڵام سووریا بۆڕی سەرەکی نەوتی عێراقی داخست، کە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی بیستدا دروست کرابوون بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بۆ بەندەرەکانی سەر دەریای ناوەڕاست. بەرەوپێشچوونێکی دیکەی گرنگ کە بوو بە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی ئێران و سووریا داگیرکردنی عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەو شەڕە ناوخۆییە کە بە دواییدا هات. هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق هێندەی دیکە ئێران و سووریای لە یەکدی نزیک کردەوە چونکە هەردووکیان ترسیان لە بوون و دامەزراندنی پێگەی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا هەبوو. ئەوە بوو هەردوولا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە گرووپە چەکدارە بەرهەڵستکارەکانی عێراق کرد لە ساڵانی بوونی ئەمریکییەکان لە عێراق لە ٢٠٠٣ وە تا ٢٠١١. دواتریش بە جووتە پشتیوانیان لە حکومەتە شیعە-مەزهەبییەکەی عێراق دەکرد لە دژی کورد و سوننە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت.
خۆتێهەڵقورتاندنە پەسەندکراوەکەی ئێران لە کاروباری ناوخۆی سووریا و پاڵپشتی لە ڕژێم لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، وەکوو پێشتر باسکرا، شتێکی نهێنی نییە. هۆکارەکانی ئەوەی کە ئێران سووریا وەکوو هاوپەیمانێکی گرنگ لە ستراتیجییەتی هەرێمیی خۆیدا دەبینێت زۆرن. لە ڕاستیدا چەندان ئامانجی ستراتیجی هەیە کە ئێران دەیەوێت لەو هاوپەیمانییە بەدەستیان بێنێت لە ڕێگای پاڵپشتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد، لەوانە: یەکەمین و گرنگترینیان، لە گۆشەنیگای هەرێمییەوە، جگە لە عێراق، سووریا تاکە وڵاتە لە ناوچەکەدا کە دەکرێت وەکوو هاوپەیمانی ئێران لەقەڵەم بدرێت. دووەم، سووریا تاکە وڵاتی عەرەبیە کە لە ڕووی سیاسی و لۆجستییەوە پشتیوانی لە ئێران کردبێت. بۆ ئەمە هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ هاوکارییەکانی سووریا بۆ ئێران لە شەڕی دژی عێراق دا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بهێنێتەوە یاد. سێیەم، سووریا بووەتە کەناڵ و کۆریدۆری سەرەکی  بۆ گەیاندنی چەکی ئێران بە حیزبوڵا هەر لە دامەزراندنیەوە لە ١٩٨٥ تا ئێستا. توانای حیزبوڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل وای کردووە حیزبوڵا ئامرازێکی سەربازی سەرەکی ئێران بێت دژی ئیسرائیل، بەتایبەتی پێش ئەوەی ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس دروست بکات. هەروەها حیزبوڵا هەم وەک ئامرازێکی سەربازی  هەم سیاسی بە قورسی تێوەگلاوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا. هێزەکانی حیزبوڵا، هاوشانی ئێران و سووریا، شەڕی کردووە. چوارەم، کەوتنی ڕژێمەکەی سووریا کاریگەریی ئەمنی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت کە هاوپەیمانێکی دیکەی گرنگی ئێرانە لە ناوچەکەدا. بەکورتی، لابردنی ئەسەد گرووپە سیاسییە سوننییەکان بەهێز دەکات و ڕەنگە پێگەی ‌هێزە چەکدارە سوننییەکانیش لە عێراق بەهێز بکات. هەموو ئەمانە ڕەنگە پێگەی حکومەتە زۆرینە شیعیەکەی عێراق لەق بکات، کە ئێران بەرژەوەندی لەوەدایە لە دەسەڵاتدا بیهێڵێتەوە. پێنجەم، ڕووخانی ڕژێمەکەی سووریا دەکرێت ڕێگاخۆشکەر بێت بۆ دەرکەوتنی میحوەرێکی سوننی و نیزامێکی نوێی هەرێمیی (new regional order) کە لە بنچینەدا دژی ئێران بێت. لە دۆخێکی وا دا، زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین، ئێران لەوانەیە ڕووبەڕووی هیلالێکی سوننی دۆستی ڕۆژئاوا ببێتەوە کە لە سووریاوە بۆ ئوردن و سعودیە و ئیماراتی عەرەبی درێژ بێتەوە، ڕێک پێچەوانەی ئەو هیلالە شیعییەی کە ئێران ساڵانێکە لە ئێرانەوە تا باشووری لوبنان، بە تێپەڕبوون بە عێراق و سووریا دا، دەیەوێت دروستی بکات. شەشەم، سووریا و عێراقی دوای سەدام تاکە دوو دەوڵەتی عەرەبی-ئیسلامین کە لەلایەن حکومەتێکی شیعەوە بەڕێوە دەبرێن، کە هەمان ئایدۆلۆجیای ئیسلامی ئێرانیان هەیە. بە ڕوانین لە پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا کە لێرە بە کورتی باسمان کرد، شتێکی سەیر نابێت کە ئێران بەو شێوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا تێوەگلاوە و بەتوندی لە پشت ڕژێمەکەی ئەسەد وەستاوە.
بەبێ ئەوەی بە وردی دەستنیشانی ئەوە بکەین داخۆ بنچینەی هاوپەیمانێتییەکەی ئێران-سووریا چییە لە شێوەی ئێستایدا، ئەوا دەکرێت بڵێین کە ئەم شەراکەتە دەکرێت لەو گۆشەنیگایەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە ئێران دەیەوێت لەم ناوچەیەدا بوونێکی کاریگەر و ئاراستەکەری هەبێت. ئامانجی سەرەکی ئێران ئەوەیە ڕووبەڕووی دەستێوەردان و خۆتێهەڵقورتاندنی هێزەکانی ڕۆژئاوا ببێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەکورتی، ئێران دەیەوێت شەڕی ئەوانی دیکە لەسەر خاکی خۆی نەکات بەڵکو سەرزەوی ئەوانی دیکە بەکاربێنێت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژئاوا. ئێران پێی وایە ئەگەر ململانێکان و شەڕ بکەوێتە نێوماڵی ئەو، ئەوە بەرگەی پێکدادانەکان ناگرێت و ئەگەرەکانی ترازان و شەڕی ناوخۆ لەناو ئێران دێنێتە گۆڕێ.
ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی گوتارە دژە-ڕۆژئاوایی و ستراتیژەکەی هەندێ هەنگاوی هاویشتوە بۆ پاڵپشتی حکومەتەکانی عێراق و ڕژێمەکەی ئەسەد و حیزبوڵا؛ بە ئەندازەیەکی کەمتریش هاوکاری حەماس و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی دیکەی فەلەستین و یاخیبووە حوسییەکانی یەمەنیشی کردووە. بەمجۆرە، لە ٢٠١٥ ـەوە ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کەم تا زۆر، جڵەوی چوار پایتەختی وڵاتی عەرەبی (بەغدا و دیمەشق و بەیروت و سەنعا) گرتۆتە دەست؛ بەمشێوەیەش ئیمپراتۆریەتە مێژووییەکەی زیندوو کردۆتەوە.

سەرچاوەکان
Al-Mokhtsar, “IRGC sends Fifteen Thousand of the ‘elite‌ to Damascus,” February 8, 2012, http://www.almokhtsar.com/node/35363
Majid Rafizadeh, “Iran‌s Forces Outnumber Assad‌s in Syria,” November 24, 2016, https://www.gatestoneinstitute.org/9406/iran-soldiers-syria
Scott Lucas, “Syria & Iran Follow-Up: The Real Story of Syria‌s Iran-Hezbollah 50,000-Man Militia in 3 Easy Steps”. EA Worldview, February 12, 2013, http://www.enduringamerica.com/home/2013/2/12/syria-iran-follow-up-the-realstory-of-syrias-iran-hezbollah.html
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە