کێ براوەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەبێ؟

04/07/2024

ھیوا سەید سەلیم

  رۆژی 5ی تەمووزی 2024 گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنی خولی چواردەھەمینی سەرۆکایەتی ئێران ئەنجام دەدرێت، لە گەڕی یەکەم کە لە رۆژی28/6/2024 ئەنجامدرا ھیچ یەک لە چوار کاندیدەکەی سەرۆکایەتی دەنگی پێویستیان نەھێنا، بۆیە دوو دەنگی یەکەم لە چوار کاندیدەکە ( مەسعود پزیشیکیان، سەعید جەلیلی) مافی ئەوەیان ھەیە بچنە ناو ڕکابەری گەڕی دووەم.
 شایانی باسە، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران  ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە،  ئەویش دوابەدوای ڕووداوی کەوتنەخوارەوە کۆپتەری ئیبراھیم رەئیسی، سیانزەمین سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕووداوی رۆژی 19/5/2024.
سەبارەت بەو ھەڵبژاردنە، پێشتر ڕاپرسیەکان و شارەزایان پێیان وابوو ڕکابەریەکان زیاتر دەکەوێتە نێوانی (موحەمەد باقر قالیباف و مەسعود پزیشکیان)، بەڵام وا دەرنەچوو، (قالیباف) کە بۆ خۆکاندیدکردن وازی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ھێنابوو، لەو ڕکابەرییە شکستی خوارد و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستی پێشووی، نازانیین ئایا ئەو مافەی دەبێت، یان لەھەردوو دینان دەبێت؟
لە سیانزە سەرۆک کۆماری پێشوودا پێنجیان تونیویانە دوو خول لەسەر یەک ببنەوە بە سەرۆککۆمار ئەوانیش ( عەلی خامەنائی، ھاشمی رەفسنجانی، موحەمەد خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕوحانی)، بەڵام ھەریەک لە (بەنی سەدر، ئیبراھیم رەئیسی) نەیانتوانی خولی سەرۆکایەتیان تەواو بکەن، یەکەمیان پەرلەمان متمانەی لێوەرگرتەوە، دووەمیش بە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە گیانی لەدەستدا،  کە ھێشتان ساڵێکی مابوو بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری ئێران بکرێ، ھەرچی موحەمەد عەلی رەجائی، یەکەم سەرۆکە کە تەنیا یەک خول لەو پۆستە مابێتەوە.
لە خولی یەکەمدا ئەوەی لە لایەن دەوڵەتی ئێران ڕاگەیەندرابوو رێژەی بایکۆت گەیشتبووە 60% ، تەنیا  40% بەشداری دەنگدانی کردبوو، بەڵام باس لەوەدەکرێت کە رێژەی بایکۆت زۆر لەوە زیاتربووە کە دەوڵەت ڕایگەیاندووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی (کوردستان و خوزستان و لوڕستان) باس لەوەدەکرێت کە تەنیا 20% خەڵک دەنگی داوە.
ئەگەر رێژەی بەشداری وا بە کەمی بمێنێتەوە ئەوا شانسی بردنەوەی سەعید جەلیلی زیاتر دەبێت لە پزیشکیان، چونکە دەنگی بایکۆت ئەو دەنگانەن کە دژی ئاڕاستەی تووندئاژۆکانن کە لەو خولەی ھەڵبژاردن سەعید جەلیلی نوێنەرایەتیان دەکات.
لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران ڕکابەری نێوان بەرەی نەریتخوازان و ریفۆرمخوازان زۆر زەق دەبێتەوە، ھەردوولاش مەبەستیانە سوود لە دەنگە خۆڵەمێشیەکان وەرگرن، کە وەک ئاماژەمان پێدا دەنگێکی زۆرینەیە، لەوبارەیەوە سەعید جەلیلی بە جلی کوردی سەردانی شارە کوردیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی کرد و پێشتریش مەسعود پزیشکیان سەردانی شاری سنەی کردبوو، بەڵام ھیچ یەک لەو ھەوڵانە نابنە ھۆی ئەوەی دەنگدەری کورد بەو رێژەیە بچێتە سەرسندوق کە ئەوان ئومێدی بۆ دەخوازن.
لەوبارەیەوە عەلی خامەنائی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران  بە نیگەرانیەوە باس لە کەمی رێژەی بەشداری دەکات و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەل بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوا دەکات ڕۆڵ ببینن بۆ بەشداریکردنی خەڵک لە خولی دووەمدا. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان لە پەیامی پشتی بایکۆت گەیشتوون.
لەماوەی ئەوە ھەفتەیەی نێوان ھەردوو خول مەسعود پزیشکیان کارێکی نەکرد تا رێژەی بەشداری خەڵک بەرزببێتەوە، کە ئەوەشیان لە بەرژەوەندی ئەو دەبوو، بۆیە ئەگەر دەنگی کاندیدەکانی دیکە کە ھەموویان لەبەرەی نەریتخوازەکانن بەشێکیان بۆ جەلیلی بچێت ئەوا شانسی دەرچوونی ئەو لە پزیشکیان زیاتر دەبێت و بۆ چواری ساڵی دیکەش ئەو وڵاتە کەسانی نزیک لە ڕابەر دەچنەوە سەر کورسی سەرۆک کۆمار.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی