هەرێمەكەمان پێویستی بەگۆڕانكاریی هەیە!

10/09/2024

سالاری بازیان

ئەو پەرەگرافە كورتەی كردومەتە ناونیشان بۆ وتارەكە، دەربرینێكی كورتی كاك بافڵ تاڵەبانییە لە دێداری لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، دیارە ئەم دەربرینە  دەلالەتێكی قوڵ و مانایەكی سیاسی و گشتگیری هەیە، یان باشترە گەر بوترێت كە كورتكراوەی خواستی زۆرینەی خەڵكە و دەربرینێكی سیاسییە بۆ نیشاندانی خواستی گۆرانكاری و دەرخستنی شكستی ئەم شێوازی حوكمرانییەی ئەمرۆ.

رەنگە ئەم دەربرینە خۆبەخۆ دواتر ببێتە دروشمی هەڵبژاردنیش، چونكە یەكێتی مەبەستیەتی خەڵك لە پرۆسەی بەشداریكردنی دەنگدان و هەڵبژاردن ئاشت بكاتەوە، هەروەها دەیەوێت ئەو پەیامەش بدات بۆ رای گشتی كە یەكێتی لەنیگەرانیەكانی خەڵك تێدەگات و دەیەوێت رەچەشكێنی بكات بۆ پێشرەو بێت بۆ گۆرانكاری، چونكە وتنی ئەو دەربرینە لە بەردەم بالوێزی ئەمریكا، جگە لەوەی دەلالەتی گەیاندنی جدیەتی پەیامەكەیە بە نێردەنێودەوڵەتیەكان و دۆستانی كورد، لەهەمانكاتیشدا ئامادەسازییەكە بۆ گۆرانكاری لە تێگەیشتنە كۆنەكەی كە ئەوانیش بەتەواوەتی رەخنەو گازندەیان هەیە لێی.

هەندێك هێزی سیاسی حەزیان لەمرداركردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و پەكخستنی بەشداریكردنی راستەوخۆی خەڵكە لە بریاردان، واتە بەربەست دروستكردنی مەعنەوی لە دیاریكردنی چۆنیەتی حوكمرانی و دەوڵەتداری، ئەوان بەردەوان ویستیانە ئەو پەیامە بەگوێی خەڵكدا بدەن، بەشداری كردنی و نەكردنی جەماوەر، یەكسانە بەیەك هاوكێشەی چەقبەستووی سەپێنراو، پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی رێك پێچەوانەی ئەو دیدو تێگەیشتنەیە، پێچەوانەی ئەوەیە كە مەهامی هەڵبژاردن تەنها شەعریەت دان بێت بەجۆرێك ئیدارەو حوكمرانی شكستخواردووی كۆنی چەقبەستوو، دیارە لە دنیای سیاسی و زانستی سیاسەتدا ئەمە ناودەبرێت  بەرەچەشكێنی و بوێری بۆ رەخساندنی بوار تا بەبەشداری راستەوخۆی خەڵك گۆرانكاری بكرێت و هەڵبژاردن بكرێتە هەڵێك بۆ قوتاربوون لەچەقبەستن.

رەنگە پێشتر ئەم دەربرینە لێرەو لەوێ بۆ گوتاری هەڵبژاردن وترابێت، بەڵام  دەربرینی ئەوەی كە "هەرێمەكەمان پێویستی بەگۆرانكاییە" لەزاری كەسی یەكەمی  یەكێتی یەوە، بوێرییەكەی زیاتر لەوەدایە كە یەكێتی خۆی بەهاوبەشی حكومەت و پایەیەكی سەرەكی حوكمرانی ئەم هەرێمە دەزانێت راشكاوانە خاوەندارێتی لەدەستكەوتەكان، بەڵام سلێش لەوەناكاتەوە كە بەچاویلكەی خەڵكەوە لە ئیدارەو حوكمرانیەكە بروانێت نەك لەروانگەی بەرژەوەندیەكانی خۆیەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی