مەتی لەیلێ.. ئەو ژنەی کە منداڵانی هەورامانی فێری خوێندەواری کرد

11/09/2024

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ئاستی خوێندەواری بە نیشانەیەکی پێشکەوتنی گەلان دادەنرێت، بەداخەوە پڕۆسەی خوێندن بەشێوەیەکی سیستماتیکی و حکومی زۆر درەنگ گەیشتۆتە  کوردستان. لەمەشدا دەوڵەتانی داگیرکەر رۆڵی ئێجگار خراپیان گێڕاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند کەسانێک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، هەوڵیانداوە خەڵکی فێری خوێندەواری بکەن.

دیارە سەدەکانی پێشوو لەناو پیاواندا رێژەی نەخوێندەواری زۆر بوو، بەنیسبەت ژنانەوە ئەوا لەوانەبێت ئەو ژنانەی کە خوێندەوارییان هەبووە، زۆر کەم بوو بێت و بە پەنچەی دەست ژمێرابن. لە ناوچەی هەورامان رێژەی نەخوێندەواری لەناو ژنان و پیاواندا زۆر بووە، بەتایبەتی لەناو ژناندا رێژەکە زۆرتر بووە، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ژنێک لە شارۆچکەی تەوێڵە بڕیاریداوە کە بەو قەدەرە رازی نەبێت کە بەسەر ژناندا هاتووە، بۆیە بڕیاریداوە لە ماڵەکەی خۆیدا منداڵانی تەوێڵە و ناوچەی هەورامان فێری خوێندەواری بکات، ئەو ژنەش خاتوو «مەتی لەیلێ، یان پورە لەیلێ» یە.

ئەم ژنە زیرەکە بەهۆی بنەماڵەکەیەوە فێری خوێندەواری بووە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوە بووە، بنەماڵەکەی هیچ رێگر نەبوون، کە منداڵانی ناوچەکە بانگهێشتی ماڵەوە بکات و فێری خوێندن و نووسینیان بکات، ئەمەش گەورەترین هاندەر و هۆکار بووە، تاوەکو ئەم ژنە بەردەوامی بە کارەکەی بدات.  

لە سەرەتای ساڵانی 1920ەوە یان پێشتر، لەماڵەکەی خۆی، منداڵانی بە بێ بەرامبەر فێری خوێندەواری کردووە و هەروەها بەشێک لە کتێبەکانی سەعدی شیرازی بە تایبەتی «گوڵستان و بوستانی» پێ خوێندوون.

لەلایەکی ترەوە مەتی لەیلێ شاعیرەش بووە و کۆمەڵێک شیعری زۆر جوانی نووسیوە و بۆ خەڵکی خوێندۆتەوە، بەمەش خزمەتێکی گەورەی فەرهەنگی هەورامی کردووە.

لەوانە بێت ئەم هەوڵە بۆ نەوەی نوێ هێندە گرنگ نەبێت و پێت بڵێن، ئەمڕۆ هەزاران کچ و کوڕی کورد خوێندنیان تەواو کردووە و دانامەزرێن، بەڵام بۆ هەڵسەڵگاندنی رووداوەکان و کەسایەتییەکان دەبێت پشت بە رەگەزی «زەمەن، و شوێن» ببەستین. ئەم ژنە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەم هەوڵەی داوە، لەکاتێکدا لە بەشێکی زۆری  ناوچەکانی کوردستاندا، خوێندن هەر نەبووە یان زۆرجار ئاغا و هەندێک مەلاو پیاوی ئایینیش دژی پڕۆسەی خوێندن بوون بەتایبەتی بۆ ژنان، بەڵام ئەم ژنە ئا لەوکاتەدا بڕیار دەدات، کە ماڵەکەی خۆی بکاتە قوتابخانەیەک بۆ منداڵان و فێری خوێندنیان بکات و بەو هیوایە چرای مێشک و ژیانیان رووناک بکاتەوە.

خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، ئەم ژنە بێ بەرامبەر هاتووە ئەم کارەی کردووە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمڕۆ دەبینین کە پڕۆسەی خوێندن بۆتە کەرتێکی بازرگانی گەورە و سەدان قوتابخانەی ئەهلی دروستبوون کە لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر، منداڵان فێری خوێندن دەکەن.

ئەم کارەی مەتی لەیلێ کردوویەتی، کارێکی مێژوویی و جێگەی رێز و شانازی بووە، هەربۆیە پێویستە حکومەت و لایەنی ئیداری بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە، کاری ئەم خاتوونە بەرز بنرخێنن و ناوی بە زیندوویی بهێڵنەوە، هەتاوەکو نەوەی نوێ ئاگاداری مێژووی خۆیان بن و رێز لەو کەسانە بگرن کە خزمەتی وڵاتەکەیان کردووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی