پزیشکیان، بە کۆڵێک دەستکەوتەوە عێراق بەجێ دەهێڵێت و ئێمەش تەنها میوانداریەکەمان بۆ دەمێنێتەوە

11/09/2024

سەردەشت محەمەد




مەسعود  پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران،  گەیشتۆتە بەغداد و بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە هەولێر و سلێمانی کۆببێتەوە و چاوی بە بەرپرسانی کورد بکەوێت، ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ بەرپرسانی کورد، کە یەکێک لەو تەوەرانەی لەم کۆبونەوەیاندا لەگەڵ پزیشکیان قسەی لەبارەوەبکەن، پرسی دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا،
بەتایبەتی پرسی چارەسەرکردنی کێشە دارایەکانی نێوان هەردوولا، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لەودیوی ڕووداوەکانی عێراقەوە وەک کاراکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕێت لە عێراقدا، ئێران و بەرپرسانی ئەو وڵاتەیە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات.

ئێران ئەمڕۆ نەک بەتەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی بڕیاردەرێکی سەرەکی دەبینێت لەو کێشە و ئاریشانەی کە لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدەن و هێزێکی کاریگەر و پەراوێز نەخراوە.

پزیشکیان، ئامادەیە لەم سەردانەیدا لەگەڵ بەرپرسانی کورد، لە بوارەکانی، سیاسی، ئەمنیی، ئابووری، زانستیی، هتد... گفتوگۆبکات، گفتوگۆکانی پزیشکیان بێ دەستکەوت نابێت بۆ وڵاتەکەی و گەلەکەی، بەڵام بۆ گەلی ئێمە کە لەژێر گوشارێکی گەورەی بەتایبەت ئابوریداین، ڕەنگە سودێکی ئەوتۆی نەبێت. ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک.

یەکێک لەو هۆکارانە بەرپرسانی کورد، ئاماددەنین ڕێکەوتنێکی کۆنکرێتی لە نێوان هەولێر وبەغداد لەسەر پرسی مووچە بەتایبەتی بکەن، هەربۆیە ئەم پرسە نزیکەی دە ساڵە بە چارەسەرنەکراوەی ماوەتەوە، ئەگینا لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا دەیان سەردان و گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدادا ئەنجامدراوە و تاڕادەیەکی باش لێکتێگەیشتن لەسەر ئەوپرسە لەنێوان هەردوولادا هەبووە،  بەڵام لێکتێگەیشتنەکان چونکە هەنگاوی کردارییان بۆنەنراوە گرفتەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.

هۆکاری دووەم ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسانی کورد، قەبارەی سەردانەکەی پزیشکیان، زۆر لەوە بەگەورەتر دەبینن کە بێن ئاماددەبن لەسەر پرسی مووچە بەتایبەت لەگەڵ پزیشکیاندا گفتوگۆبکەن، ڕەنگە بەرپرسانی کورد پێیان وابێت گرفتی مووچە کە ژیانی هەموو خەڵکی پێوەی بەندە بەکێشەیەکی ناوخۆی ببینن و لەوانەشە بەرژەوەندی بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو ئەم حکومەت لەوەدابێت کە دۆخی مووچە و پرسە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەر بەم شێوەیە درێژەی هەبێت، ئەگینا گومان لەوەدا نەبوو کە دەیانتوانی لەماوەی دە ساڵدا نەک بەتەنها کێشەی مووچە بەڵکو دەیانتوانی چارەسەر بۆ دە کێشەی دیکەی نێوان هەردولا بدۆزنەوە.


پزیشکیان دێت و دەڕوات، ئەو بە کۆڵێک دەستکەوتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێ دەهێڵێت، بەڵام ئەوەی بۆ کورد و بەرپرسانی کورد لەم سەردانەدا گرنگە ئەوەیە کە چۆن و بەچی شێوازێکی تایبەت میوانداری لە پزیشکیان بکەن، میواندارییەک کە کە لەدواجاردا پزیشکیان پێیان بڵێت: ئێوە نمونەی میللەتی میوان دۆست و خاوەن دیوەخان و ناندەرێکی بێوێنەن، بەڵام دوای پزیشکیان کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد هەروا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە ئەمە نەک لەبەرئەوەی کە کێشەکان هێندە ئاڵۆز و گەورەن کە هیچ چارەسەرێکیان نییە، بەڵکو ئێرادە و حەزێکی گەورە نییە لای بەررسانی هەردوولا بۆئەوەی ئەم کێشە بچوکانە چارەسەربکات.

کێشەکان چارەسەرنابن و قەیرانەکان هەروا بەردەوامییان دەبێت و ئەوەی باجی ئەم قەیران و ململانێیانەش دەدات خەڵکە، نەک کاربەدەستان و بەرپرسانی بەرژەوەندی خواز.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی