بەقسەی كوردی نیە؟ بە ئیشە!!.

12/09/2024

هەندرێن شێخ ڕاغب



چەند بارەی دەكەمەوە، توركیاو ئێران دوو دەوڵەتی دراوسێی ئەبەدی ئێمەن، كورت بینیە ئەگەر بمانەوێت پەیوەندیەكانمان لەگەڵیان دابخەین و سنورەكان كڵۆم بدەین. دەیان جۆری پەیوەندی و بەرژەوەندی و خاڵی هاوبەش بۆ ئەبەد ئێمە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. بەڵام ئێمە لە ئێستادا دۆخەكە هەڵدەسەنگێنین و شرۆڤەی بۆ دەكەین، بۆ ئەوەی بەرسڤێكی راستەقینەمان دەستكەوێت بۆ راستی رەفتاری هەردوو دەولًەت بەرامبەر هەرێمی كوردستان. هەمومان دەزانین هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوری دانپێدانراوی دەستوری هەمیشەیی عێراقەو خاوەنی سەروەری خۆیەتی لە چوارچێوەی عێراق دا. بەڵام هیچ كات ئێران و توركیا رێزیان لە سەروەری ئەم كیانە نەگرتووە. ئەم یەك دوو رۆژە كە (مەسعود پزیشیكیان) سەردانی عێراقی كردو هاتە كوردستانیش،  بە كوردی قسەكردنی سەرۆك كۆماری ئێران بۆتە رۆژەڤ و بابەتی سەرەكی سەردانەكە، باس لەوە دەكرێ پەیوەندی ئێران و هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باش دایە. بەڵام وێنە راستەكە بەمجۆرەیەو نابێت زەبرە توندەكانی ئێران لەبەرچاو نەگرین: 
1-ئێران سەرپەرشتیاری روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، كە لە 51% خاكی كوردستانمان لەدەستداو خودی قاسم سلێمانی لەناو كەركوك شایی ولۆغانی تێكشكاندنی كوردی بوو. ئێران شیعەی بەردایە گیانی كورد. 
2-ئێران تۆپبارانی كۆیەو كەمپەكانی خەڵكی مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستانی كردو دەیان شەهیدو بریندار هەبوو، هیچ رێزی لە سەروەری و كیانی هەرێم نەگرتووە.
3-ئێران موشەك بارانی پایتەختی هەرێمی كوردستانی كردوو شەهیدو بریندار هەبوو. 
4-ئێران فشاری ئابوری و ئەمنی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، تاكە هۆكاری پەیوەندی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دوو بابەتە (ئەمنی و ئابوری). لەهەر دوو جۆرەكەش تەنها خواست و مەرج و بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو دەگرێت. توركیاش وایە كە رووبەڕوبونەوەی پەكەكەو داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندی ئابوری و ووزەی هەیە لە هەرێمی كوردستان و تەنها خەریكی سەپاندنی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆیەتی و رەچاوی هیچ داواكاری و مافێكی هەرێمی كوردستان ناكات. 
5-توركیاو ئێران رۆڵیان هەیە لە لاوازكردنی حوكمڕانی هەرێم و لە پشت زیندووكردنەوەی ناكۆكی توندی باڵی جەلالی و مەلایین. هەریەكەو پشتیوانی لایەكیانە. 
6-لە ئێستادا كۆماری ئیسلامی ئێران رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق كردووەو لەناو خاكی هەرێم هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی ناچاركردووە بچنە كەمپ و بەمەش ناكۆكی دروست كردووە لەنێوان باشورو رۆژهەڵات. 
7-كۆماری ئیسلامی ئێران هەزاران كوردی لە زیندانەكان توندكردووەو ئامادە نیە خواستی سیاسی كوردی لەبەرچاو بگرێت.
8-كۆماری ئیسلامی ئێران رێگا نادات زمانی كوردی بخوێندرێت و پەروەردە بە زمانی دایك بێت.
9-كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی دانوستان نیە لەگەڵ كوردو پێدانی مافێكی ئۆتۆنۆمی بە ناوچە كوردیەكان و لەبەرامبەر ئەوە داوای رادەستكردنەوەی كورد دەكات بە ئێران. 
10- ئێران رۆڵی هەیە لە بچوك كردنەوەو گەمارۆدانی كوردی عێراق و دروستكردنی قەیرانی ناوخۆیی و پارچەپارچە بوونەكەی ناو هەرێم.
ئینجا لەبری ئەوەی بەتوندی رووبەڕووی سیاسەتی داپڵۆسێنەرانەی توركیاو ئێران ببینەوە، دڵمان بەوە خۆشە سەرۆكی توركیاو ئێران هاتونەتە هەولێرو بە كوردیش قسەیان كردووە. لەبری ئەوەی بە خۆپیشاندان و مانگرتن  بەرامبەر سەردانی توركیاو ئێران بوەستینەوەو روون وراشكاو پێیان بڵێین بە هاتنی ئێوەو دبلۆماسیەتی برایانەتان خۆشحاڵین, بەڵام بە مەرجی ئەوەی دەست هەڵگرن لە كوشتن و راونان و داپڵۆسینی كورد. دەبوو حزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی ئازایەتی ئەوەیان هەبوایە زۆر توند دژی سەردانی هەردوو سەرۆكی توركیاو ئێران بوەستنەوەو روون و راشكاو گوتاری خۆیان خستبوایەتە روو. دەبێت ئەو راستی یە بزانین توركیاو ئێران لەگەڵ كیانی سەربەخۆی كوردو دیموكراسی و ئازادی كوردستان نین، پرۆژەی ئەوان بە توركی كردن و بە ئێرانی كردنە. دەیانەوێت نوزە لە هەرێمی كوردستان ببڕن و هەرچی مەرج هەیە بەسەریدا بسەپێنن. بۆیە لە ئێستادا سیاسی و سەركردە تەقلیدی و دڵ پڕ لە كینەی حیزبی و ململانێی ناوخۆیی، توانای ئەوەیان نیە سەركردایەتی سیاسەتێكی تازەی نیشتمانی بكەن بۆ ئەوەی سنورێك بۆ توركیاو ئێران دابنێن و جۆرێك سەروەری بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە. 
كورت و پوخت پەیوەندی باشی ئێران و توركیا لەگەڵ كورد، لە مەهابادو ئامەد(دیاربەكر)ەوە دەست پێ دەكات، ئینجا دەگاتە هەولێرو سلێمانی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی