دووڕوویی « نفاق» مەترسیدارترین
شتە کە دووچاری کۆمەڵگا دەبێت ، مێژووی دووڕوویی کۆنە و ڕەسەنە و بەقوڵی ڕەگی
داکوتاوە و دەیان لقی لێبۆتەوە ، بەڵام قەیرانی هاوچەرخی ئێمە لە تەشەنەکردنی دیاردەی
دووڕوویی ، درۆی ئاشکرا ، ساختەکردنی ڕاستیەکان ، شێواندنی وشەکان لە بابەتەکانیان
، هەموو ئەمانە بونەتە دروشمی ئەو سەردەمە و ، دوای بڵاوبونەوەی سۆشیالمیدیا بە هەموو
جۆرەکانیانەوە دووڕوویی بۆتە هونەر و زانست کە ئامانجی خۆی هەیە لە لێدوانی ساختە
و درۆ و ڕۆیشتنی بەناو چەندین فلتەر و کردنی بە ڕاستی لە ویژدانی خەڵک و ، دۆخەکە
وا سەراوژوور دەکەن کە کۆمەڵگە بەچاو نەبینێت بەڵکو بەگوێ ببینێت ، هونەری دووڕوویی
هونەرێکی بەرزە لەگەڵ دروستبوونی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەو هونەرە لەبرەودایە
، بەڕاستی هەقی خۆیەتی قوتابخانە و پەیمانگای تایبەت هەبێت بۆ مەشقپێکردنی خەڵک تا
چۆن دووڕویی بکەن و چۆن پێچەوانەی ئەوەی دەیبینن و پێچەوانەی ئەوەی لەوبڕوایەدان
قسەدەکەن بێئەوەی کەس ئاشکرایان بکات یان چاوی خەڵک بەدوایانەوە بێت ، زۆر کەس هەوڵیاندا
مومارەسەی دووڕوویی بکەن بەڵام فەشەلیان هێنا و مومارەسەکانیان بە ڕێگایەکی ئاشکرا
بوو و کاریگەری و ناوەڕۆکەکەی ون بوو ، هونەری دووڕویی بریتیە لە گەیاندنی شتێکی کڵۆڵ
بە خەڵک و ئەمە بەسوود پێشانی خەڵکەکە بدەیت بەئامانجی ئەوەی پێی بڕوابکەیت ، ئەمە
جۆرێکە لە فریودان ، بەکورتیەکەی ئەوەی باش لە هونەری دووڕوویی بزانێت ئەمە ترسناکی
ڕاستەقینەیە ، بەڵام ئەوەی لێینەزانێت ترسی
لەسەر نیە ، چەندان پلەی دووڕوویی هەن دووڕووی مەترسیدار ئەو کەسەیە کە درک بە فریودانی
ناکەیت چونکە بەڕاستگۆیی درۆ دەکات ، ئەرێ با بە خەیاڵی خۆمان پرسیارێک بکەین : ئایا
دووڕوو توڕەدەبێت و هەست بە ئیرەیی بوونی
دووڕووی تر دەکات کە کێبڕکێی لەگەڵ دەکەن و تەنگەتاوی هەلی دەستکەوت و خۆنزیکردنەوە
لە خاوەن نفوز دەکەن ، یان پێیان وایە تا چەند گەمەکەرە دووڕوەکان لە یاریگاکە زیاد بن ئەو هەست بە بەختەوەری دەکات
، چونکە ئەمە هەستی لاوازی هەڵدەگرێت و هەست بەوەدەکات کە ئەوەی ئەو دەیکات هەر تەنها
ئاسایی و سروشتی نیە ، بەڵکو کارێکی خواستراوە و خوێنکاری تامەزرۆی هەیە کە چاوەڕێی
دەرفەتن ؟ دووڕوویی لاتێکە لەناو جەماوەرێکی گەوجەوگوجەردا و مەترسیەکی ڕاستەقینەن
و ترسناکترن لە داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی تر و ئەمانە بۆمبێکی تەوقیتکراون لە
دەوروبەری بەرپرسان و خانەوادەکان بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەهەڵدێربردنی نیشتیمان ، خوای گەورە کوردستان و خەڵکەکەی لە زیانی دووڕووەکان بپارێزێت و ، تێڕوانینمان
ڕۆشنبکاتەوە بۆئەوەی بیانبینین و ئاشکرایان بکەین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی