دیپلۆماسیەت‌و ئیتیکی سەرکردایەتی

15/09/2024

ڕێباز محەمەد جەزا

هاوسەنگی هێزو بەرژەوەندی هاوبەش یەکێکە لەخاڵە دیبلۆماسییە کاریگەرو گرنگەکان چونکە پێویستی بەدانووستانی خاس و بیردانەوەی دانایانەو شارەزایی و کارزانی هەیە! لەم سۆنگەیەوە  لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەرژەوەندی هاوبەش و کاری دیپلۆماتیک ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن چونکە دەبن بە هۆکاری دروستکردنی:

1ـ بەرژەوەندی هاوبەش کە هاندەرێکە بۆ هاوکاری نێوان وڵاتان(هەرێم) بۆنمونە ساڵی پار  (18-7-2023)، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە سەردانێکی ڕەسمی گەیشتە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان و لە کۆشکی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان پێشوازیی لێ کرا. بێگومان کردنەوەی ئەم دەروازانە دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هەرێم و وڵاتانی دیکە پێکەوە ببەسرێتەوەو پەیوەندی هاوبەش بونیاد بنرێت. ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن.

2ـ کاری دیپلۆماتیک:  پردێکە بۆ پەیوەندی نێوان حکومەتەکان و یارمەتی تێگەیشتنی دووقۆڵی دەدات و ڕێگە خۆش دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناکۆکییەکان.بۆنمونە: لەیادی شۆڕشی ئەیلولدا و لەپەیامێکیدا دەڵێت:" شۆڕشى ئه‌یلوول؛ شۆڕشى هه‌موو گه‌لى كوردستان بوو به ‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌،" ئاماژەی بەوەش کردووە، "بووه‌ كرۆكى بیر و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى و شكۆى هه‌موو كوردستانییان و ئیراده‌ى پۆڵایینى گه‌لى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و داگیركاریى".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، "شۆڕش ده‌نگى زوڵاڵى ئازادیخوازان و دۆزى ره‌واى گه‌ل و نیشتمانێك بوو كه‌ له‌پێناو ئازادیدا هه‌موو قوربانییه‌كى به‌خشى. بووه‌ بنه‌ماى یه‌كه‌مین دانپێدانانى فه‌رمى به‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا و بناخه‌ى هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى دواترى."

بیریشمان نەچێت کاریگەرییەکانی ئەم پەیامانە بەجۆرێک دەبن کە ببنە زنجیرەی بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ، کەمکردنەوەی مەترسی ناکۆکی‌و شەڕ، لێرەدا نەگونجاوە، ئەو ڕۆڵە پڕ لەڕیسک‌و کاریگەرییەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نادیدە بگرین لەڕووی کاری دیپلۆماتیکی‌و پەیوەندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکەو وڵاتانی دروسێ کە بەمانای ئیتیک‌و مۆڕاڵی سیاسی، جۆشدانی ئەو پەیوەندییانە دەبیندرێن‌و کاریگەردەبن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکی (ئێکس)دا دەڵێت: بەخێرهاتنی گەرممان ئاراستەی دکتۆر مەسعوود پزیشکیان کردو خۆشحاڵین کە لەیەکەم گەشتی دەرەوەی وڵات لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی عێراق‌و هەرێمی کوردستانی کردووە.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: لەگەڵ دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، گفتوگۆی کاریگەرمان کرد و جەختمان لەسەر پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پابەندبوونی هەردوولا بە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە. نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک پردی پەیوەندییەکان چاو دەکرێت هەوڵیداوە پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغدا باشتربکات‌و کاردەکات بۆ باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى، هەرچەندە ڕۆڵەکەی جێیبەهاو تێگەیشتنی قووڵترو  جیاوازترە، بەڵام بەگشتی هەوڵیداوە سەقامگیریی‌و پێشکەوتن بۆ هەرێم بەدیبهێنێت.

نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی ناوبژیوان و هاوسەنگی نێوان هێزەجیاوازەکان  دەبینێت و لە نێوان لایەنە جیاوازەکان، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە. ئەمەش کاریگەری دەخاتەسەر پێگەی سیاسی و کەسی بەجۆرێکە دەبێت ئاکتەکانی  وەک خۆی و لەجێی خۆیدا بخوێنینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی