بۆ ئیزدیەکان بە عەرەبی دەدوێن؟

17/09/2024

ئەڤین عزیز



جیاوازیەک هەیە لە نێوان یەزیدی و ئیزدی، یەزیدی ئەو گروپەن کە سەر بە معاویەی ئەبوسوفیانن و موسوڵمانن، هیچ پەیوەندیان بە میتۆلۆژیای باوەری ئیزدی ئێمەوە نیە کە یەکتا پەرستین و باوەریان بە خوداوەندی  خۆرە. لە مێژوودا  و تا ئێستا چەندین هەوڵ دراوە بۆ ئەوەی رەچەڵەکی ئێمەی ئیزدی لەناوبەرن بۆ ئەوەی لە رەچەڵەک و مێژوو کلتورمان بدەن و بمانکەنە پاشماوەی فارس و عەرەب و تورک. 
بەکار هێنانی چەمکی میتۆلۆژی لێرەدا بۆ باوری ئیزدی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە میتۆلۆژی نێردراو رەسولی نیە وەک ئاینە سامیەکان بەڵکو فرە خوداوەندن، میتۆلۆژی کۆنترە لە باوەری ئاینی . تعریبی ئیزدیەکان لە ساڵی ١٩٧٧ وە دەستی پێکرد بە پلانێکی تۆکمەی حزبی بەعس،   چەندین نوسەری عەرەبی بەکرێ گرت بۆ دروستکردنی مێژوویەکی پێچەوانە بۆ کورد، هەتا لە ژێر هەرەشەو فشاردا   زۆر لە میری ئیزدیەکان کرا کە خۆیان وەک عەرەب بناسێنن هەرچەند بە کوردی دەدوێن و قەولە ئاینیەکانیان کوردیە و خوا کوردە، یەکەم م گوندەکان زۆریان تەرحیل کران و عەرەبیان هێنایە شوێنی گوندنشینە ئیزدیەکان، بە تایبەت حەوت گوندی ناوچەی شێخان،  هاوکات سەد و پێنج گوندی تری  شەنگال ترحیل کران و کۆمەڵگەیان بۆ دروست کردن، ئەو خەڵکەی سەدو پێنج گوندەکە  لە دوانزە کۆمەڵگەدا(  مجمع) کۆکرایەوە دواتر دزداشە و عەگالیان بەسەردا دابەش کرا، ٤٧ ساڵە ئیزدیەکان لەناو کلتوری عەرەبیدان و بە عەرەبی دەنوسن ، ٣٣ ساڵە حکومەتی کوردی  دوو  دێری پێ نیە بۆ پرسی تعریب کردنی ئیزدیەکان و بۆیە تۆش ئاسان دەڵێی ئەوان عەرەبن! نا ئیزدی عەرەب بونی نیە ئەوە تۆی بە پلانی عەرەبی  شۆڤێنی ئەوان دەعەرەبێنی دەینا ئیزدی  رەسەنایەتی و مێژووی تۆی کوردە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی