جەنگاوەرێک بیت لەباخێکدا باشترە وەک لەوەى باخەوانێک بیت لەشەڕدا

21/06/2025

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
لەجیهانێکدا کە سیاسەت و هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی بەیەکەوە گرێدراون، ڕوونە کە ئامرازەکانی شەڕ تەنها لە تانک و مووشەکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو زیرەکى و نهێنی پارێزى و شەڕى سێبەرەکان بوونەتە مەترسیدارترین و کاریگەرترین چەکەکان. جەیسن هانسن، کە پێشتر لەناو ئاژانسی هەواڵگرى ئەمریکا-سی ئای ئەی کاریکردووە، لە کتێبەکەیدا بەناوی (چۆن وەک سیخوڕێک خۆت ڕزگاردەکەیت Survive Like a Spy) کۆمەڵێک بنەما و تاکتیک ئاشکرا دەکات کە سیخوڕەکان نەک تەنها بۆ مانەوە، بەڵکو بۆ ڕزگار بوون و کاریگەری و گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکان پشتی پێدەبەستن.

کتێبەکە تەنیا ڕێبەرێک نییە بۆ مانەوە؛ نەخشەیەکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن سیخوڕەکان لە پشت پەردەوە شەڕەکان لە قاڵب دەدەنەوە. ئەمڕۆ دواى پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بینەرى جێبەجێکردنی زیندووانەی ئەم بنەمایانەین، بە شێوەیەک کە هەواڵگری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پەرەسەندن و ڕاگرتنى هاوسەنگی و تەنانەت هاوکاریکردن لە پێکانى  وردى هێرشەکان کە بە کەمترین تێچووی سەربازی و گەورەترین کاریگەری سیاسی ڕێڕەوی ململانێکان دەگۆڕێت.

ڕووداوەکانی ئەمدواییە- لەتیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمیەوە تا دزەپێکردنی زانیارى هەواڵگری، لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکانەوە تا تەقینەوەی نهێنی لە قووڵایی دامەزراوەکانی ئێراندا- دەریانخستووە کە سیخوڕی چیتر تەنها کارێکی شاراوە نییە، بەڵکو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز. ئیسرائیل کە لە مێژە پشتی بە مۆساد بەستووە بۆ ئەوەی بچێتە قووڵایی ئێرانەوە، لە ڕێگەی کەرەستەی ناتەقلیدییەوە سەرلەنوێ پێناسەی شەڕی تەقلیدی دەکاتەوە.

ئەم کتێبە ئەزموونی ئەفسەرانی سی ئای ئەی لە ڕزگاربوون لە بارودۆخە مەترسیدارەکاندا دەخاتە ڕوو، ئەم بنەمایانەش دەتوانرێت لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاربهێنرێت بۆ بڕیاردانی زیرەکانەتر و وریایانەتر.

وانەی یەکەم: متمانە بەخۆبوون و خۆڕاگری دەروونی
سیخوڕ پێویستی بە چوونە ناو نەزانراو هەیە، زۆرجاریش لە سەرەتای ئەرکێکدا زانیاری تەواو بەردەست نییە. سیخوڕەکان سەرکەوتوو دەبن چونکە متمانەیان بە خۆیان هەیە و ئامادەن لە ژێر فشاردا کارى چاەڕواننەکراو ئەنجامبدەن، قەرەبووی کەمی زانیاری دەکەنەوە بە بیرکردنەوەی خێرا و توانای بڕیاردانی گرنگ لە کاتی هەستیاردا.

بنەمایەکی دەروونی: مرۆڤ لە بەرامبەر بە نەزانراوەکاندا، گریمانەى پێ باشترە. زاڵبوون بەسەر ئەم لایەنگرییە پێویستی بە ڕاهێنانی دەروونی بەردەوام هەیە لە پلاندانان لە بارودۆخی ئاڵۆزدا. پیادەکردنى وانەکە: هەفتانە خۆت ڕابهێنە بۆ ئەگەری سیناریۆکان (ئیشنەکردنى ئۆتۆمبێل، لەدەستدانی مۆبایلەکەت، دواکەوتن لە چاوپێکەوتنێکی گرنگ) و لە ڕووی دەروونییەوە مەشق بکە کە چۆن مامەڵە بکەیت بەبێ ئەوەی تووشی شۆک بیت.

وانەی دووەم: ئامادەبە بۆ سیناریۆی چاوەڕواننەکراو
سیخوڕەکان لەوە تێدەگەن کە هیچ پلانێک لە یەکەم بەریەککەوتنى لەگەڵ واقیع، ڕزگاری نابێت. هەر بۆیە هەمیشە پلانى دووەم و سێهەمى جێگرەوە دادەنێن. ئەم ئامادەییە بەمانای بێسەرەوبەرەیی نایەت؛ بەڵکو بە ماناى دانانى ئەگەرە بۆ شکستى جێبەجێکردنى  بەشێکی پلانەکە و توانای چاککردنەوەى بە خێرایی.

نموونە لە ژیانی ڕاستەقینەدا: لە یەکێک لە ئەرکەکاندا، سیخوڕەکان دەبوو بچنە ناو شوقەیەکەوە بۆ چاودێریکردنی سیگناڵەکان. دوای ئەوەی پلانی سەرەتایی شکستی هێنا، پشتیان بە باڵکۆنێکی نزیک بەست بۆ جێگیر کردنى ئامێرى سیخوڕیی.

پیادەکردنى وانەکە: پلانی جێگرەوەت هەبێت بۆ هەر گەشتێکی گرنگ یان چاوپێکەوتنێک. هەمیشە لە خۆت بپرسە: ئەی ئەگەر پلانەکە سەری نەگرت؟ 

وانەی سێیەم: هونەری خوێندنەوەی مرۆڤەکان و تێگەیشتن لە دەروونەکان
سیخوڕ لە خوێندنەوەی زمانی جەستە و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی ئەوانی ترەوە دەست پێدەکات بەبێ ئەوەی ئەوان هەستی پێبکەن. پرۆسەی دروستکردنى سەرچاوەى هەواڵگریش پەیوەستە بە دروستکردنی هەستێک لە لاى بەرامبەر کە بیستراوە و لێی تێدەگەیت و جێگەى متمانەیە.

یاسای زێڕین: هەموو کەسێک پاڵنەرێکی نهێنی هەیە: ترس، چاوچنۆکى، توڕەیی، یان تەنانەت ئارەزووی دانپیانان. سیخوڕی باش ئەم پاڵنەرە دەستنیشان دەکات و ئاڕاستەی دەکاتەوە.

پیادەکردنى وانەکە: سەرنج بدە لە زمانی جەستە و هەست و دوودڵی لە قسەکردندا. هەموو کەسێک بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات خۆی ئاشکرا دەکات ئەگەر لە نزیکەوە گوێی لێبگریت. 

وانەی چوارەم: وردەکاری بچووک دەتوانێت ڕزگارت بکات
سیخوڕەکان فێر دەبن کە وردەکارییەکانی وەک بوونى ستیکەرێک لەسەر ئۆتۆمبێلێک یان کەسێک کە چەندین جار لە شوێنێکی دیاریکراودا دەردەکەوێت، دەتوانێت ئاماژەى مەترسی بێت. لە گۆڕەپانى کاردا، چاوپۆشیکردن لە وردەکارییەکی بچووک دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا بێت.

بەکارهێنانی وانەکە لە ژیان: سیخوڕێک تێبینی دەکات کە باڵکۆنى خانوویەکی گوماناوی لە هەموو بارودۆخێکی کەشوهەوادا داپۆشراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونى ئامێرێکی سیخوڕیی کە شاردراوەتەوە.

پیادەکردنى وانەکە: چاودێری دەوروبەرەکەت بکە لەکاتی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوە. دەموچاوەکانی گەڕەکەکەت یان شوێنی کارەکەت بناسەرەوە. گۆڕانکارییەکی لەناکاو دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ چاودێریکردن.

وانەی پێنجەم: هەرگیز ترس دەرمەخە
سیخوڕێکی سەرکەوتوو خۆی ڕادەهێنێت بۆ پاراستنی یەکگرتوویی دەروونی تەواو، چونکە ترس بە خێرایی لە چاوەکانت یان دەنگتدا دەستنیشان دەکرێت. ئامانج پشتگوێخستنی ترس نییە، بەڵکو کۆنتڕۆڵکردنی و بەکارهێنانیەتی وەک ئامرازێکی هۆشیاری توند.

تەکنیکی کارپێکراو: ڕاهێنانی هەناسەدانی قووڵ + Mindfulness بەکاردێت بۆ بوون لە ئێستا و ڕێگریکردن لە زیادبوونى ترس.

پیادەکردنى وانەکە: خۆت ڕابهێنە کە بە هێمنی وەڵام بدەیتەوە لە دۆخە گرژەکاندا: ناکۆکی خێزانی، ڕاگرتنت لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە، یان چاوپێکەوتنێکی چارەنووسساز بۆ کار.

وانەی شەشەم: کۆمەڵایەتی بە
سیخوڕ بە تەنیا کار ناکات. سەرکەوتن پێویستی بە تۆڕێک لە پەیوەندییەکان و توانای دروستکردنی متمانە هەیە بە خێرایی. سیخوڕى سەرکەوتوو پێویستى بەوە هەیە کە هەم خۆشەویست بێت و هەم متمانەپێکراو.

بنەمای کۆمەڵایەتی: پەیوەندی کاریگەر لە نیشاندانەوەى هەستەکانەوە دەست پێدەکات: وا لە لایەنی بەرامبەر بکە کە هەست بە گرنگی و تێگەیشتن و ئاسایش بکات.

پیادەکردنى وانەکە: فێری تواناکانی دانوستان و گوێگرتنی چالاکانە و ئەو جۆرە پرسیارکردنانە ببە کە هانی کەسانی دیکە دەدات بۆ کراوەیی.

وانەی حەوتەم: هەمیشە ڕێگای هەڵهاتنت بزانە
لە هەر ئۆپەراسیۆنێکدا پێویستە لانیکەم دوو ڕێگەى هەڵاتن بزانیت. تەنها پشت بە تەکنەلۆژیا مەبەستە: دەتوانرێت دەست بەسەر مۆبایلەکەتدا بگیرێت، هەروەها ئەگەر هەیە جی پی ئێسەکەت کارنەکات.

ئامرازی سیخوڕی کلاسیک: سیخوڕەکان هەمیشە نەخشەیەکی کاغەزی هەڵدەگرن کە کۆدکراوە یان لەناو شتێکی سادەی وەکو دەسڕێکدا جێگیرکراوە.

پیادەکردنى وانەکە: با پلانێکی پێشوەخت و ئامادەکراوت هەبێت بۆ هەڵهاتن لە ماڵەکەت یان شوێنی کارەکەت لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتی لەناکاودا.

یاساکانی مۆسکۆ:
هیچ گریمانەیەک مەکە: تەنها پشت بەوە مەبەستە کە دەیبینیت.
پشت بە هەستى ناوەوەى خۆت ببەستە: غەریزەکانت لە ڕێگەی ئەزموونەوە ڕاهێنراون، متمانەیان پێ بکە.
ئەگەر هەیە هەمووان چاودێری بکرێن: تەنانەت نزیکترین هاوڕێکانت.
زۆر ئاوڕ بۆدواوە مەدەرەوە: هەمیشە هەنگاوێک لە پێشتر بە.
خۆت لەگەڵ دەوروبەرەکەتدا بگونجێنە: جیاواز مەبە، بەڵکو تێکەڵ بە.
هەمیشە ستایلەکەت بگۆڕە: یەکجۆرى بە خێرایی دەستنیشان دەکرێت.
وەهمی ئاسایشیان لەلا دروست بکە: وا لە کەسانی تر بکە هەست بکەن کە هەموو شتێک ئاساییە.
بەرامبەرەکەت ئیستفزاز مەکە: مەچۆرە ناو شەڕی ناپێویستەوە.
کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرە: بۆ ئەوەی لە سوپرایزەکان دوور بکەویتەوە.
بژاردەکانت بە کراوەیی بهێڵەرەوە: خۆت بە یەک پلانەوە مەبەستەوە.
پیادەکردنى وانەکان: ئەم یاسایانە بەکاربهێنە لەکاتی گەشتکردن بە ناوچە نائارامەکان، لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ، یان لە دۆخە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکاندا.
دەرەنجام:ئەم کتێبە تەنها چیرۆکی ورووژێنەر لە سەر جیهانی سیخوڕەکان پێشکەش ناکات، بەڵکو چەندین وانەى قووڵی ژیان پێشکەش دەکات کە هەر کەسێک دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت و  فێرت دەکات کە چۆن وەک سیخوڕێک بیربکەیتەوە و مامەڵە بکەیت بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و زیرەکى و متمانە بەخۆبوونەوە بژیت.

کەسێکى سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە هەنگاوێک لە پێش مەترسییەوە بێت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی