هەمیشەو لە هەر گاڤێكی هەستیاردا ئەوەی دەبێت دوا قسەو قسەی یەكلاكەرەوە بكات ڕۆشنبیرانن، لە فەڕەنسا هەر كاتێك سارتەر قسەی بكردایە حكومەت لە شارڵ دیگۆلەوە تا خوارێ گوێیان دەگرت، ئەوە ڕۆشنبیرو نوسەرو هونەرمەند و میدیاكاری بوێرو قسە لە ڕوون كە بە گژ ناهەقیدا دەچنەوە، محەمەد حەسەنێن هەیكەل پەنجا ساڵ لە ڕێی نوكی قەڵەمەكەیەوە ڕەخنەی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عەرەب كرد، شاعیری عەرەب نزار قەبانی بە شیعر عەرشی دەسەڵاتی عەرەبی دەخستە لەرزە ، شاعیری كورد شێركۆ بێكەس كە باوكیشی بە شیعری بیست و حەوت ساڵە ئینگلیزی شەرمەزار كرد، دواجار لە چامەی ئێستا كچێك نیشتمانمە بە دەسەڵاتی كوردی وت ئیتر بەسە ، لەتیف هەڵمەتی گەورە شاعیری كورد پتر لە پەنجا ساڵە بە تەنێ كولەكەكان دەشكێنێت و بە دەنگی بەرز بانگ دەدات .
لە بارو دۆخێكی هەستیارو ناخۆشداین ، سەدان ڕۆشنبیر ، قەڵەم بە دەست ، هونەرمەندو شاعیر لە نێو دام و دەزگاو میدیاو ڕاگەیاندنی پارتی و یەكێتیدان ، دەبێت بەر لە هەر كەس ئەوان ڕووبەڕووی حزب و سەرۆكی حزبەكانیان دەنگ هەڵبڕن و بڵێن وەرن بڕوانن ژیانی خەڵك چۆنە ، ئاخر كەی ئەوە ڕەوایە موچە خۆرێك دوو كیلۆ تەماتەو پیاز بە قەرز وەربگرێت و ژیانی سەرانی حزب و مناڵی نێو خانەوادەكانیان زۆر لە شاهانە شاهانە تر بێت و سەرۆكی حزب ئۆتۆمۆبیلی گرانبەهای سفر كیلۆ مەتر ببەخشێتەوە، چەند شەرمە كەس و كاری شەهید، دایك و كچی شەهید بە قوڕگی پڕ گریانەوە باسی نەبونی بكەن و دەسەڵاتیش نەبان و ڕۆشنبیرانیش بێدەنگ بن ، لە ناو ناوەندە میدیاییەكانی پارتی و یەكێتیدا زۆر ڕۆشنبیر هەن كە دەكرێت ئێستا یەخەی حزبەكانی خۆیان بگرن ، دڵًنیام ئێستا كە سانی وەك شێركۆ بێكەس ، فەلەكەدین كاكەی لە ژیاندا بوایەن دەنگیان بەرز دەكردەوە ، هەڵبەت ڕۆشنبیری ڕاستی لە هەر كوێ بێت نابێت بێدەنگ بێت ، ئەركی ڕۆشنبیر قسە كردن و هەڵوێست وەرگرتن و بە گژا چوونەوەی نادادی و ناجۆریە .
بۆ من هەرگیز ئەوە كێشە نیە ڕۆشنبیر لە كوێیە ، چونكە ئەویش وەك هەر مرۆڤێك ئازادە دەیەوێت لە كوێوەو بە چ جۆرێك كار بكات ، بەڵام بێدەنگبوونی لە بەرانبەر نادادی و ستەم كێشەیەكی گەورەیە، لە ڕاستیدا ڕۆشنبیران و نوسەران و هونەرمەندانی هەولێرو دهۆك دواتر سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو ڕاپەڕین لە ئێستادا بەرپرسیارن بەرانبەر ئەو بارو دۆخەی هەیە ، بەرپرسیارن لەوەی كە ئەو هەموو ئازارو نەهامەتیە دەبینن و بێدەنگن ، خۆ دەكرێت لقەكانی نوسەران و ڕۆژنامەنووسان بە بەیان و نووسین و ڕەخنەگرتنی دەسەڵاتدارانی هەرێم لانی كەم، كەمێك لەو بەرپرسیارەتیە لە ئەستۆی خۆیان لابەرن، كاتێك ژنێك ، گەنجێك ، پێشمەرگەیەك هاواری لێهەڵدەستێ و هەندێك لە توڕەیدا ڕژێمگەلی ستەمگەرای تورك و فارس و عەرەب بە باشتر لە دەسەڵاتی كوردی ناودەبەن و هەشن هێند توڕەن سەدام لەمانە بە باشتر دەزانن، ئەوە ئەو كاتەیە كە دەبێت ڕۆشنبیران بێنە قسەو بە دەسەڵاتی كوردی بڵێن بۆ بگاتە ئەم ئاستە .
زۆر بابەت هەیە دەبێت ئەهلی قەڵەم قسەی خۆیانی تێدا بكەن ، بێدەنگی ئەوان یەكێكە لە بێدەنگیە هەرە مەترسیدارەكانی مێژوو، ئایە ئەو بێدەنگیەبۆ بارو دۆخی هەرێمی كوردستان چارەسەرە ؟.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی