کاتێک لە دەرگای زیندان هاتمەدەر بەرەو ئازادی ، فێربووم کە ئەگەر تاڵیی
کینە و ڕقلێبوونەوە لە پشت خۆم جێنەهێڵم ئەوا هەر بە زیندانیی دەمێنمەوە .
نیلسۆن
ماندێلا
پۆلپۆت-ی ستەمکار و دیکتاتۆری کەمبۆدیا ناوی لەخۆنابوو برا ژمارە یەک ، ئەم
جۆرە سەرکردانە لە سۆسیۆلۆژیای سیاسی پێیان دەوترێت سەرکردەی ژاراوی کە ئەم گوزارشتە دوای جەنگی دووەمی جیهان وەک
ئاماژەیەک بۆ کاری دڕندایەتیی نازیەت و فاشیزم بەرانبەر کۆمەڵگاکانیان و جەنگەکانیان
بۆ سەرکردە خەراپەکان بەکاردەهات ، پۆلپۆت وێڕای کورتی دەسەڵاتەکەی لە کەمبۆدیا ، هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات کە مێژوو
وەک خوێنڕێژێکی سەربڕی کەسەکان سەیری دەکەن ، بەڵکو خۆی وادادەنا کە چاکسازێکی
«مصلح» ێکی کۆمەڵایەتیە و جیاوازی لەگەڵ موسڵیحەکانی دی ئەوەیە کە ئەو سەرکەوتبوو
لە هەڵگرتنی چەک و تەجنیدکردنی لایەنگرانی ، ئەم سەرکەوتنەشی دوای ئەوە هات کە مێشکی
لایەنگرانی پڕکردبوو لە بیرۆکەی باڵای کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی لەبارەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی
و نادادپەروەری چینی دەسەڵاتدار و فەسادی دەستبژێری ڕۆشنبیری ، پۆلپۆت هەستا بە
دروستکردنی رێکخراوی « خەمیری سوور » ، خەمیر بەزمانی کەمبۆدی واتە جووتیار و ،
جووتیاریش واتایەکی ئەرێنی هەیە لە کلتووری کەمبۆدی ، پۆلپۆت بە تاوانە وەحشیگەریەکانی
ناسراو بوو ، هەزاران کەسی تەنها لەسەر ئەوە کوشت کە جلی چاکێت و پانتۆڵ و شەبقیان
لەسەر دەکرد گوایە ئەمانە جلی بۆرژوازیەکانن ، لەمیانی ماوەی دەسەڵاتەکەی کە هەر
نزیکەی سێ ساڵ زیاتر نەبوو نزیکەی « 2.5 » دوو ملیۆن و نیو کەسی کوشت ، ڕۆشنبیرانی
زۆر دەچەوساندەوە و لەسەر شوناس دەیکوشتن و ، دەیان ملیۆن کەسی ناچارکرد شارەکانیان
بەجێبێڵن و بچنە کێلگە بەکۆمەڵەکان لە گوندەکاندا ، پۆلپۆت لە کارە دڕندانەیەکانی
بەردەوام بوو تا لە ساڵی 1979 لە هێرشی هێزەکانی ڤیەتنام-دا خەمیرە سوورەکانیان تەفروتونا کرد و ڕوخاندیان
و دوای دانوستاندێکی ئاڵۆز لەگەڵ ڤیەتنامیەکان بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگتووەکان نۆردەم سیهانۆک-ی پادشای کەمبۆدیا ساڵی 1990 گەڕایەوە
وڵاتەکەی ، سەڕەڕای هەموو ئەوانە پۆلپۆت لە ساڵی 1998 دوای ئەوەی ليبووردنی بۆ دەرکرا
لە ماڵەکەی خۆی مرد و ، کاتێک نۆردەم سیهانۆک « 1923 - 2012 » پادشای کەمبۆدیا گەڕایەوە
سەر دەسەڵات لە پۆلپۆت و هەموو یاریدەدەرەکانی خۆش بوو ، لە « هۆن سین » سەرۆکی
حکومەتی ئەوکاتی کەمبۆدیا-ن پرسی کە پاشا بۆ لێگەڕا ئەو تاوانبارە گەورەیە بە مردنی
خۆی بمرێت ؟ گووتی : ئەمەی لەپێناوی ئەو نەکرد بەڵکو لەپێناو ئاییندەی کەمبۆدیا
کردی .
هەمان ئەزموون لە باشووری ئەفریقا لەسەر دەستی نیلسۆن ماندێلا دووبارە
بووەوە ، ماندێلا توانی وڵاتەکەی بەرەو وڵاتێکی دیموکراسی فرە ڕەگەز ببات و سیستەمی ئاپارتاید « جیاوازی ڕەگەزی » نەهێڵێت
و بە هەموو توانایەوە پڕۆسەی ئاشتەوایی سەرتاپاگیر دەستپێکرد کە سەرکەوتوترین
پڕۆسە بوو لەسەر ئاستی جیهان و ، ئەمەی لە ڕێگەی ( لیژنەی ڕاستی و ئاشتەوایی ) یەکلاکردەوە ، کە بیرۆکەکەکە لەسەر ئەوە وەستابوو کە پیاوانی دەسەڵات دان بە تاوانەکانیان بنێن بەرانبەر
بە لێخۆشبوونیان ، لێبووردەیی نیلسۆن ماندێلا وایکرد کە باشوری ئەفریقا ئەوبپێکەوەژیان
و گەشانەوە بەخۆیەوە ببینێت ، ئا ئەمە بوو
لە باشووری ئەفریقا ڕوویدا و لە کەمبۆدیا دووبارە بووەوە ، ئەدی لەکن ئێمە چۆنە ؟!
کە ڕاپەڕین بوو ئاشتەواییەکی دڵخۆشکەر هاتەدی هەموو ئەو جاش و تاونبارانە عەفووکران
کە دەستیان هەبوو لە تاوان و ئەزیەتدانی خەڵکی کوردستان ، بەڵام هەر دوای ئەوە لەبەر
بەرژەوەندی حزبی و دەسەڵاتخوازی ململانێ لەنێوان هەردوو حزبی سەرەکی دەستیپێکرد کە
تا ئێستا بەردەوامە و بۆتە شێرپەنجە بۆ ئەو نیشتیمانە ، خۆ کۆمەڵگەی ئێمە باشووری
ئەفریقیا نیە کە ئاپارتاید-ی تێدا بێت و ئەو ڕەگەزپەرستیە قێزروەنەشی بەخۆوە نەبینیووە کە بێین تۆڵەی لە پێناویدا بکەینەوە و ، کەمبۆدیاش نیە ئەو قەسبخانەیە وەحشیگەریەی
تێدا ڕوودابێت ، کەچی ناتوانیین ئاشتەوایی بکەین ، بەداخەوە تائێستا ڕق و کینە بەسەر
کۆمەڵگاکەماندا زاڵە ، دڵڕەقی بێسنوور ، قسەوقسەڵک بەیەکگوتن ، بەداخەوە ئێمە ئازایەتی
لێبووردنمان نیە کە سیفەتێکی بنچینەیی مرۆییە و لە هەردوو ئەزموونی باشووری ئەفریقیا
و کەمبۆدیا تاقیکرایەوە ، توخوا بێزاربووین لە رقوکینە و دڵڕەقی کە تا ئێستا لەناوماندا
بەردەوامە ، ئەو بێزاریە هەستی ترسانکی و دڵەڕاوکیێمان زیاتر دەکات کە هەر ئەمەشە وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازی
بچین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی